بەکر عەلی: ئەگەر شاعیرەکانمان شیعرەکانی هوڵدەرلین بخوێننەوە ڕەنگە واز لە نووسینی شیعر بهێنن

  2021-05-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سازدانی: داستان

هۆڵدەرلین شاعیرێکی ناسراوی جیهانییە و شیعرەکانی کەرەستەی هەندێک لە فەیلەسوفان بوون تاکو لێیانەوە دید و تێڕوانیینەکانی خۆیان دەرببڕن، کە دیارترینیان فەیلەسوفی ئەڵمانی ماڕتن هایدگەر)ە کە لە زیاتر لە گۆشەنگایەکەوە کاری لەسەر شیعری ئەو شاعیرە کردووە، هەندێکیشو ای دەبینن کە هۆڵدەرلین بۆ خۆی فەیلەسوفێکە لە نێو شیعردا و خاوەن دونیابینییەکی تەواو فەیلەسوفانەیە بۆ ژیان و ئەو شتانەی لێیان ڕاماوە، لە ماوەی ڕابردوودا بەڕێز بەکر عەلی) چەندین شیعری ئەم شاعیرەی لە زمانی ئەڵمانییەوە کردنە زمانی کوردی و لە ماڵپەڕی ژیا نخوێنەرانێکی بەرچاویان هەبوون بۆیە بۆمان گرنگ بوو لەم دەرفەتەدا  گفتۆیەکی کورت سەبارەت بە شیعر و دونیابینی ئەو شاعیرە و هاودەم هۆکاری وەرگێڕانی بۆ زمانی کوردی سازبدەین :

ژیان: پرسیار: بیرۆکەی وەرگێڕانی شیعرەکانی شاعیرێکی وەک هۆڵدەرلین لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟

 بەکر عەلی:  دوای ناسین و خوێندنەوەیەکی زۆر لەسەر ئەم شاعیرە، توانیم لەساڵانی نەوەدەکاندا دوو بابەت لەسەر ناساندنی شیعریەت و فیکری هوێلدەرلین بنووسم، کە ئەوسا ئەم شاعیرە هێندە ناسراو نەبوو لای خویندەوارانی کورد، ئیتر  بەدرێژایی ئەو ماوەیە،هەمیشە خولیایی ئەوەم لە ڕۆحمدا هەڵگرتبوو، شتێک لە شیعرەکانی بکەمە کوردی. هەڵبەت من سەرەتا لەناوەڕاستی هەشتاکان بەدواوە ئەم شاعیرەم دۆزییەوە، بەڵام چارەنووس گەیاندمی بەوەی فێری زمانی ئەڵمانی ببم و  بە زمانی خۆی دەست بۆ شیعرەکانی بەرم. ئەگەرچی چێژێکی زۆرم لە زمان و لە شیعریەتی شیعرەکانی وەردەگرت، بەڵام هیچ بوێرییەکی ئەوتۆم شک نەدەبرد بیانکەمە کوردی، تا سەرەتایەکی تر هاتە ئاراوە بۆم، ئەویش ئەوەبوو کاتێک دلاوەر قەرەداغی قەسیدەی << نان وشەراب>>ی وەرگێڕدرا بوو، ئەو متمانەیەی پێ بەخشیم کە بەراوردی ئەو دەقە لەگەڵ دەقە ئەڵمانییەکەیدا بکەمەوە. ئەوە مەشقێکی باش بوو کە ترسم لێ ڕەوییەوە و دواتر هەر بۆ خۆم لەپاڵ خوێندنەوەی شەوانەی شیعرەکانی هوێلدەرلیندا دەستم کرد بەکوردی کردنی هەندێک لەو شیعرانەی، هەڵبەت دەبێت دانی پێدا بنێم کە زۆر زەحمەتیم چەشت، بەڵام شادومانییەکی نەبڕاوەشی پێدام، بەڕادەیەک لەگەڵ هەندێک ڕستەیدا چەند کاتژمێرێک بەمەستی دەمامەوە .

 

ژیان: گرنگی شیعرەکانی ئەو شاعیرە بە زمانی کوردی لە چیدا دەبییننەوە؟ بۆچی لە ناو ئەو ڕێژە زۆرەی شاعیرانی ئەڵمانی کارەکانی هۆڵدەرلین دەکەنە کوردی؟ *هۆڵدەرلین شاعیرە یان فەیلەسوف؟ *پێتان وایە شیعری شاعیرێکی وەها ڕۆڵی دەبێت لە گۆڕینی ڕوانینی شاعیرانی نوێی ئێمەدا بۆ شیعر؟

بەکر عەلی:  هوێلدەرلین شاعیرێکی ناوازەیە لەناو ئەدەبیاتی جیهاندا. شاعیرێکە لەنێوان سەدەی هەژدە ونۆزەدەدا ژیاوە، ساتەوەختی وەرچەرخانە گەورەکانی شۆڕشی فەرەنسی وشۆڕشی پیشەسازی و نەمانی دەسەڵاتی مۆنارشی و خەونی مرۆڤ بۆ ئازادی و کرانەوەیی،  قووڵ لەناو ڕۆحیدا ژیاندووە. لەبەردەم ئەم وەرچەرخانانەدا ئەو جۆرە یۆتۆپیایەکی زۆر ناوازەی پێشکەش کردوووین، یۆتۆپیای گەڕانەوە بۆ گریک و هێنانی بۆسەردەمی نوێ، ژیان و ژیاری گریکی، ئەفسانەکانیان، فەلسەفەکانیان، هونەریان بۆ هوێلدەرلین بریتی بوون لە ترۆپکی ڕۆحی شارستانیەتێک کە مرۆڤایەتی بزری کردوون، بۆیە لەگەڵ داهاتنی سەردەمی نوێدا وەکو یۆتۆپیستێکی تاقانەی سەردەمی خۆی خەونی بەجیهانێکەوە دەبینی کە شیعر، هونەر، هەستە مرۆییە باڵاکان لەژێر ئاسمانێکی گەورە وکراوەدا مرۆڤ کۆ بکاتەوە، بۆیە ئەو بەرجەستەی ئەو جیهانبینییەی دەکرد کە ڕەگەزی بیرکردنەوە بە هەست، باڵاترە لەڕەگەزی بیرکردنەوەی عەقلی، لێرەوە ئەو وەک هاوڕێی هیگڵ، دژی بیرکردنەوەی مێژوویی هیگڵ دەبێت وڕێچکەی هەستە شیعرییەکان بە خاڵی کۆکردنەوەی مرۆڤ دەزانێت نەک عەقلانیەتێکی وشک و نەک ماتەریالیزمێکی میکانیکییانەی شۆڕشی پیشەسازی. بۆیە هوێلدەرلین ئیتر دەبێتە باوکی مۆدێرنە و لەهەمانکاتیشدا باوکی ڕەخنە لەمۆدێرنە. واتە ئەو دەخوازێ جیهان نوێ بکرێتەوە، بەڵام بەئیلەمێنتە ماتەریالی وعەقلانییەکان نا، بەڵکو بەو ڕەگەزانەی کە سروشتی پیرۆز، ئاسمان، ئاگری پیرۆز،  دۆستانە و خودایی و ڕۆحانین. ناسینی هوێلدەرلین وەک شاعیرێک کە بەرجەستەی ڕۆحی سەردەم دەکات بۆ هەموو ئەدەبیاتێک بایەخی نەبڕاوەی هەیە، زۆرینەی بیرمەندە گەورەکانی مۆدێرنە وپۆستمۆدێرنە زووو زوو دەگەڕێنەوە سەر شیعرەکانی. تا ئێستاش ساڵانە خوێندنەوەی نوێ وکتێبی نوێی لەبارەوە دەنووسرێت. بۆ دنیای ئێمەش هەڵبەتە بایەخێکی زۆر گرنگی هەیە، بەوەدا لە دنیای ئێمەشدا، بەتایبەتی لەدوای ڕاپەڕینەوە پرسەکانی نوێگەری وپاشنوێگەری لەژێر کاریگەری ڕۆشنبیری و ڕۆشنگەری خۆرئاواییدا تا ئێستا دەوروژێن، بەڵام ئەم وروژاندنانە ئەو ئاراستەیەیان نەگرتۆتە بەر کە هوێلدەرلین کێشاویەتی، واتە ئاراستە شیعرییەکەی ژیان، بەڵکو دنیای ئێمەش واخۆی مانیفێست دەکات کە پتر موحتاجی عەقل بێت وەک لەشیعر، کەئەمەش کارەساتەکەیە، بۆیە من بەپێویستی دەزانم شتێکیش بگەڕێینەوە بۆ سەر ئاراستەکەی هوێلدەرلین، تا نەفەسێکی شیعریەتی ڕاستەقینە ببەخشینەوە بە سییەکانی مرۆڤی کورد .

لەسەرووی ئەمەشەوە، کاتێک شیعری هوێلدەرلین دەخوێنینەوە، ئەرکی شیعر نووسین هێندە لامان گران دەبێت، کە چیتر هەروا هاکەزاییانە دەست نەدەینە شیعر نووسین و شیعر خوێندەنەوەش، ئەو لە شوێنێکدا دەڵێت<< شیعر بێگوناهترین ئەو کارانەیە کە دراوە بە بەمرۆڤ>>. لەنێو ئەو ژمارەگەلەی کە ئێمە لە شاعیر هەمانە گەر دەست بەخوێندەوەی شیعری هوێلدەرلین بکەن، ئیتر یان ئەوەتا هەوڵ دەدەن وەک هوێلدەرلین پشتخانێکی ڕووناکبیری وفەلسەفی وهونەری ومێژوویی قووڵ بۆخۆیان بکەنە گەنجینەی شیعر نووسین، وەیاخود ئەوەتا ئیتر واز لە نووسینی شیعر دەهێنن و ئەرکێکی تر دەگرنە ئەستۆ. بۆیە پێموایە بەکوردیکردنی شاعیرێکی وەک هوێلدەرلین دەتوانێت بەشداری بکات لە گۆڕینی ڕۆحی شیعری کوردی ولە گۆڕینی تێڕوانینی شاعیری کوردی، ئەمەش ئامانجی هەوڵەکەی منە، کە هەوڵێکی وەرچەرخێنەرانە بێت، لەبەرئەوەی خودی هوێلدەرلین شاعیرێکی وەرچەرخێنەر وشۆڕشگێڕە .

ژیان: ئەو ئاستەنگانە چین لە کاتی وەرگێڕانی شیعری وەها شاعیرێکدا دێنە بەردەم کەسی وەرگێڕ؟

بەکر عەلی: شارەزایی لە فەلسەفەی گریک، لە میتۆلۆگیا، لە ئاین، لە فەلسەفە و لە شیعر و لە زمان و لەو سەردەمەی کە  هوێلدەرلینی تێدا ژیاوە، دەبێت پێشمەرجی هەر کەسێک بێت بخوازێت نەک هەر شیعری ئەو وەربگێڕێت، بەڵکو بیشی خوێنێتەوە، ئێمە لەساڵانی هەشتاکاندا لەڕێی نووسینەکانی  بیرمەندی میسرییەوە عەبدولرەحمان بەدەوی و دواتریش لەهەشتاکاندا لەڕێی نووسینەکانی هایدێگەرەوە شتێک لە جیهانبینی هوێلدەرلینمان ناسی، بەڵام لەو کاتەوەی بە زمانی ئەڵمانی دەیخوێنمەوە شتی زۆرترم لا ئاشکرابووە و بەپشت بەستن بەوگەنجینەیە و بە حەز وخولیایی خۆشم بۆ ئەو تەرزە لە شیعر ئەو پڕکێشییەم کرد هەندێک شیعری بکەمە کوردی، بەهیوای ڕۆژێک کەسێک پەیدا بێت بتوانێت لە من باشتر و قووڵتر بیانکاتە کوردی .

ژیان: بەو پێیەی ئێوە بۆ خۆتان نووسەرێکی بواری فیکرن دەمانەوێت دیدیگای تۆ سەبارەت بە هۆڵدەرلین بزانین :

بەکر عەلی: ئەو شاعیرێکە نهێنییە ئەبەدییەکەی بۆ مرۆڤ درکاند، نهێنی ئەوەی مرۆڤ بوونەوەرێکی شیعرییە، نەک عەقلی. درکاندنی ئەم نهێنییە لەخۆیدا بریتییە لە وەرچەرخان و لە بیرگۆڕینێک کە مرۆڤ لە ڕەگەزە فریودەرەکان، لە عەقلانیەتێکی خەبیس و بەدکار،  دەرباز بکات و لەماڵی بێگەردی شیعردا نیشتەجێی بکات .

 سێ شیعری شاعیری ئەڵمانی (هوێلدەرلین) بە وەرگێڕانی نووسەر و وەرگێڕی کورد (بەکر عەلی )

١

وەک ئەوەی لە ڕۆژی پشوودا بێت       

               

وەک ئەوەی بڵێیت لە ڕۆژی پشوودا بێت، کێڵگەکە دەبینیت، جووتیارێکیش سەرلەبەیانی دەڕوات بۆی، کە لە شەوێکی گەرمەوە بروسکە فێنککەرەوەکان داباری بوون،

تەواوی کاتەکەش هێشتا لە دوورەوە زرمەی هەورە گرمە دێ،

ڕووبارەکەش دەگەڕێتەوە کەنارەکەی خۆی،

زەویش تازە بەتازە سەوز دەبێت،

لە ئاسمانیشەوە بارانی شادیهێن نمە دەبارێنێت بەسەر

دارمێوەکاندا و، لەبەر خۆرێکی ئارامدا

درەختەکانی بێشەڵانەکە پرشنگدارانە ڕاوەستاون :

ئاوەها ئەوان لەکەشێکی سازگار دا ڕاوەستاون .

ئەوان بەتەنیان ، هیچ مامۆستایەکیان نییە .

ئەوانەی بەشێوەیەکی جوانی زۆر هاوچەرخانە لەناو ئامێزێکی نەرمدا،

سروشتی بەهێز و جوانی خواوەندانە پەروەردە دەکەن .

لەبەرئەوەیە لەماوەی ساڵەکە دا لە ئاسماندا،

یاخود لە نێو ڕووەکەکان دا، وەیان لەنێو گەلاندا، بەنووستوویی دەردەکەوێت .

ئیتر ئاوا ڕووی شاعیرانیش غەمگینانە دەبێت،

وەهاش دەردەکەون وەکئەوەی تەنیا بن. کەچی ئەوان بەردەوام هەست دەکەن و پێشبینی دەکەن .

لەبەرئەوەی ئەویش بەهەستپێکردن خۆی ئارام دەکاتەوە .

ئێستاش ئیتر وا ڕۆژ بۆتەوە! من بە بێزوویەکەوە چاوەڕوانیم کرد تاوەکو هات .

بەڵام من چیم دی .

 دەبا ئیتر پیرۆزی ببێتە وتەی من .

چونکە ئەو، خودی ئەو، دێرینترە لە هەموو سەردەمەکان و

لەسەرووی خوداکانی خۆرهەڵات و خۆرئاواشەوەیە .

وا ئێستا سروشت بە شریخەی تفەنگەکان بێدار بۆتەوە .

لە بەرزایی ئاسمانەوە تاوەکو نزمایی خەرەند

بەپێی ڕێسایەکی جێگیر، وەکو ئەوسا، لە ئاشوبێکی پیرۆزەوە چێ بووە .

ئاوەها ئەو سروشتە هەموو شتێکی ئەفراندووە

سەرلەنوێ هەست بە جۆشێک لە ناوخۆیدا دەکاتەوە .

وەک چۆن ئاگر لەچاوی پیاوێکدا دەبریسکێتەوە،

ئەگەر ئەو باڵاییەکی داڕشت بێت،

ئاوەها سەر لەنوێ بە ئاماژەکان و بە کردەوەکانی دنیا، ئێستا ئاگر لە دەروونی شاعیران دا هەڵگیرساوە .

ئەوەشی ئەوسا ڕوویدا،  تائێستا زۆر کەم هەستی پێ کراوە،  بەڵام وائیتر ئێستا بووەتە شتێکی ئاشکرا،

ئەوانەشی بە خەندەوە کێڵگەکەیان بۆ دروست کردین،

ئەوان لە شێوەی کۆیلە دا دەناسرێنەوە .

ئەوانە زۆرزیندووەکانن، ئەوانە هێزەکانی خوداکانن .

تۆ  دەپرسیت ئاخۆ ئەو کێ بێت؟ ئەو لە سترانێکدا ڕۆحی ژان دەگرێت،

کاتێک خۆر لەڕۆژدا  سەر هەڵدەدات،  لەگەڵ گەرمای زەوی، دۆخگۆڕینی کەشەکە لەهەوادا ، شتەکانی تریش، ئەوانەی زۆر پێشتر ئامادەکراون لە  قووڵایی زەمەندا، و پڕ مانادارترینیانە دەرەکەوێت بۆمان

 خۆگۆڕینی ئەو لەنێوان ئاسمان و زەوی  و لەنێوان گەلاندا،

ئەوانە بریتین لە بیرۆکەکانی ڕۆحی هاوبەش .

خامۆشانەش لەناو دەروونی شاعیردا کۆتایی دێت، ئەو ناکۆتاییەی زۆر دەمێکە ناسراوە، چونکە شاعیران خێرا تووش دەبن،

بە بیرهێنانەوەیەک دەهەژێن و ، بە هەتاوە پیرۆزەکە دادەگیرسێن .

میوە لە ئەوینەوە لەدایک دەبێت، ئەوە کاری خوداکان ومرۆڤە،

بۆیە گۆرانی سەرکەوتنی گەواهییەکە بۆ هەردووکیان .

چونکە، وەک شاعیران دەڵێن، ئەوان حەزدەکەن بەئاشکرایی خودا دەبینن،

ئاوەها، بروسکەی خودا داوێتی بەسەر ماڵی << سێمیلیس>>دا و، میوەی زریانەکە، باخۆسی پیرۆز، کە لەدایکبووی کاریگەرییە خوداییەکەیە،  لەدایک بوو .

               

لەبەرئەوە بێ هیچ مەترسییەک

ڕۆڵەکانی لەسەر زەوی ئاگری ئاسمانی نۆش دەکەن .

بەڵام، ئەی شاعیران، ئێمە دەبێت لەژێر بروسکە خواییەکاندا بەسەری ڕووتەوە بوەستین و

بەدەستەکانی خۆمان، تیشکەکانی باوک، بگرە خودی باوک خۆی، بگرین و

لەشێوەی سترانێکی پێچراوەدا

ئەم دیارییە ئاسمانییە بگەیەنین بە گەل .

ئەمەش چونکە، ئێمە دڵمان پاکە و

وەکو مناڵان دەستەکانمان بێگەرد و بێگوناهن. تیشکە بێگەردەکەی باوک نامانچزێنێت،

ناخڕاچڵەکان و

هاوخەمبوونیش لەگەڵ ئازارەکانی بەهێزەکاندا

سەرباری ئەو زریانە خوداییانەی دەبارێن و کاتێک نزیک دەبنەوە، هێشتا دڵ توند خۆی ڕادەگرێت .

بەلآم وای لە من، وای لەمن !

با ئێستا ئەوە بڵێم

من لە بینینی ئاسمانییەکان نزیک بوومەتەوە،

ئەوە خۆیەتی، ئەوەیە کە قووڵ فڕێم دەداتە نێو زیندووەکانەوە ، نێو قەشە ساختەکانەوە، نێو تاریکییەوە،

تا من گۆرانییە ئاگادارکەرەوەکە بۆ ئەوانە بڵێم کە ئارەزووی ناسینی دەکەن،

لەوێ ....

٢

هاندان

ئەی دەنگدانەوەی ئاسمان! ئەی دڵی پیرۆز! بۆچی،  بۆچی

لەنێو زیندووەکاندا بێدەنگ دەبیت، ئەی ئازاد، ئایا تۆ خەوتوویت !

ئایا، لەلایەن ئەوانەی بۆ هەمیشە بێخودان، تۆ بەرەو شەو وەدەرنراویت؟

دە بێدار بەرەوە، هەروەکو جاران، بۆ هەمیشە ڕووناکایی ئاسمان؟

ئەی دایە دێرینەکەش، دایە زەوی، ناگەشێتەوە؟

ئەی ڕۆحیش لێرە ولەوێ مەشق ناکات، ئەی ئەوین هێشتا وەکو جاران بۆ ماف وڕاستی ناخەنێتەوە؟

تەنیا تۆ چیتر وا نەماویت! بەڵام ئاسماناوییەکان ئاگادارمان دەکەنەوە و، بە خامۆشییەکی دروستکەرانەوە، هەناسەی سروشت بە ڕۆحێکی پڕەوە، کەهەموو شتێک ڕۆشن دەکاتەوە، وەکو بۆ دەشتێکی ڕووتاوە بێت، ئاوا بۆت هەڵدەکات .  

ئۆی هیوا !

دواتر، بەم نزیکانە چیتر بێشەڵانەکان بەتەنیا سروودی ستایشکردنی ژیان ناچڕن،

ئیتر کاتی ئەوە هاتووە، لە زاری مرۆڤەوە دەروونە جوانەکە

سەرلەنوێ خۆی ڕابگەیەنێت .

ئەوساکە ڕەگەزەکە خۆشتر، پێکەوە لەگەڵ مرۆڤدا، خۆی پێکدەهێنێت .

ئەوساکە بەتەواوەتی، لە سوپاسێکی بێگەردانەی منداڵانەدا،

 سینەی زەوی، ئەوەی ناکۆتادارە، خۆی واڵا دەکاتەوە و،

دووبارە ڕۆژەکانیشمان، وەکو گوڵ، لەو جێگەیەدا دەبن کە خۆری ئاسمان بە نۆرەگۆڕینێکی هێمنانەوە خۆی دابەش دەکات و،

 دووبارەش ڕوناکییەکە، شادانە لەنێو شادەکاندا خۆی دەبینێتەوە، و

ئەوێک کە بێ هیچ زمانێک بەڕێوە دەبات و، نەناسراو ونادیارەکان بۆ داهاتوو دەسازێنێت،

 ئەوە خودایە، ئەوە گیانە لەناو وشەی مرۆڤدا،

 کە لەڕۆژێکی جوانی ساڵانی داهاتوودا،

هەروەکو ئەوسا، خۆی ڕادەگەیەنێتەوە .   

٣

گۆرانی چارەنووس

ئێوە، ئەی بلیمەتە بەختەوەرەکان !

 لەو بەرزاییەی سەرەوە لەڕوناکیدا، لەسەر زەمینێکی نەرم

 ڕەوت دەکەن .

شنە خواییە پرشنگدارەکانیش

بەئەسپایی دەستتان لێ دەدەن،

نیمای پەنجەکانی ژنە هونەرمەندێک

کە بەر ژێ پیرۆزەکان دەکەون .

وەک ساوایەکی خەولێکەوتوو، بێ هیچ چارەنووسێک،

ئاسمانییەکان هەناسە دەدەن،

بێگەردی و پاکیزەیی لەچرۆیەکی سادەدا

 دەپارێزن،

ڕۆحیش بۆ ئەبەد دەپشکوێت بۆیان و

چاوە بەختەوەرەکانیشیان

هێمنانە دەڕواننە ڕوونییەکی ئەبەدی .

بەڵام ئێمە ئەوەمان پێ دراوە،

لە هیچ جێیەکدا ئارام نەگرین،

مرۆڤ ئازارکێشن،

ون دەبن، دەکەون،

کوێرانە لە ساتێکەوە بۆ ساتێکی تر .

وەکو ئاو لە هەڵدێرێکەوە بۆ هەڵدێرێکی تر،

بەدرێژایی ساڵ،

بەردەبنەوە نێو نادیار .



ڕیکلام