بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە بۆ ژیان: ئەمڕۆ یان سبەینێ ئیتر پێداویستی تاقیگەیی لە شارەكە نامێنێت

  2020-06-30  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە ئاشکرایکرد چیتر پێداویستی تاقیگەیی لە شارەكە نامێنێت و هۆشداریش دەدات لە دۆخی تەندروستی و دەڵێت چیتر ناتواندرێت پەتاكە كۆنتڕۆڵ بكرێت.

ئازاد مستەفا بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی رایگەیاند"دۆخی تەندروستی هەڵەبجە زۆر خراپە و پەتاكە لە ئێستادا لەناو شاردا زۆر بڵاوە، خەڵكێكی زۆر هەیە كە هەڵگری ڤایرۆسەكەیە و نیشانەیان نیە ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی چیتر لە شارەكە نەتواندرێت پەتاكە كۆنتڕۆڵ بكرێت".

بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە بۆ پشتیوانی قسەكانی باسی لەوەكرد" 50%ی ئەو پشكنینانەی رۆژانە ئەنجام دەدرێت پۆزەتیف دێتەوە ئەوەش بۆ خۆی ئاماژەیەكی مەترسیدارە".

بەڕێوەبەری تەندروستی شارەكە راشیگەیاند"ئەمڕۆ یان سبەینێ ئیتر پێداویستی تاقیگەیی نامێنێت و لە رووی پێداویستی پزیشكیشەوە رەوشی شارەكە خراپە".

ئازد مستەفا وتیشی"بڕیارە وەك بودجەیەكی پشتیوانی بەبڕی 170 ملیۆن دینار رەوانەی شارەكە بكرێت ئەگەر بەمزوانە رەوانە نەكرێت دۆخەكە خراپتر دەبێت توانای پشكنینمان نامێنێت".

بە گوێرەی دواین داتای فەرمی وەزارەتی تەندروستی لە شاری هەڵەبجە لە ئێٍستادا 120 توشبووی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكانی هەڵەبجەدا هەیە و 56 كەسیش چارەسەركراون و چوار كەسیش گیانیان لەدەستداوە بەوەش كۆی ژمارەی تووشبووانی شارەكە 180 كەس بووە.


ڕیکلام