بۆچی حکومەت وتی مووچە دەستکاری ناکرێت کەچی دوایشیخست و بەشێکیشی بڕی؟

  2020-07-03  | 
هەولێر
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەگەرچی پێشتر رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، مەبەستیان نیە دەست بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ببەن و حکومەت دەستکاری مووچە ناکات، بەڵام پێچەوانەی ئەو قسانە، لە چەند رۆژی رابردوودا حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بەبڕینی بەشێک لە مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران.

ئەو لێدوانەی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، یەکێکە لەو دەیان لێدوانە ناراستانەی لەماوەی رابردوودا ئەندامانی کابینەی حکومەت لەبارەی دەستکارکردنی موچە داویانە، کاتێک رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی مانگی ئازارى ئەمساڵ بۆ یەکەمجار رایگەیاند، حکومەت نیازی هەیە موچەی فەرمانبەران ببڕێت یان پاشەکەوت بکات، میدیاکانی پارتی کەوتنە وەڵامدانەوەی ناوبراو پەرلەمانتار و وەزیرەکانی پارتیش بە ناڕاستەوخۆ وەڵامیان دایەوە.

لە سەروبەندی قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەری، کاتێک رێبەر ئەحمەد خۆی لێبووە پاڵەوانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و بەناوی وەزیری دارایی و تەندروستی و سەرۆکی حکومەتیش قسەی دەکرد، لەکاتی سەردنکردنی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک و زاخۆ، زۆر بە روونی و راشکاوی جەختی لەوە کردەوە، حکومەت بەهیچ شێوەیەک نیازی بڕینی موچەی نییە.

وەزیری ناوخۆ و وەزیرەکانی دیکە چەند جارێک رەتیانکردەوە کە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ببڕدرێت بەڵام موچە بووە 60 رۆژ جارێک و بڕینیشی تێکەوت.

تەنیا وەزیری ناوخۆ نەبوو بۆ رەوینەوەی ناڕەزایەتییەکان لەبارەی دواکەوتنی موچە جەختی لەوە دەکردەوە کە موچە نابڕدرێت و کەمیش ناکرێتەوە، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتیش دڵنیابوو لەوەی موچە کەمناکرێتەوە.

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا بۆ یەکەمجار و کۆتایی مانگی ئازارى ئەمساڵ، ویستی حکومەتی بۆ پاشەکەوت یان بڕینی موچە ئاشکرا کرد و دڵنیابوو لەوەی موچە دەبڕدرێت.

بە وردبوونەوە لە کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبواری دارایی و ئابووری، ئەوە رووندەبێتەوە کە شتێکی کرداری نییە بەناوی پلانی درێژخایەن یان مامناوەندی دارایی، هیچ نەبێت بۆ ماوەی 6 مانگ یان ساڵێک، لەکاتێکدا لە هەموو جیهان و وڵاتە دواکەوتووەکانیش موچە و بودجە ساڵانە رێکدەخرێت بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی ٧ ساڵە پرۆژە بودجەی نییە و مانگانە چەند پارەی دەستکەوێت خەرجی دەکات و بۆ مانگەکانی داهاتوو چاوەڕوانی کەرەمی خوا و بەغدا دەکات، ئەوانیش ماوەی چەند ساڵێکە بەدڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان قاسەکە پڕناکەن، ئەویش زوو زوو دەست دەکات بە گیرفانی فەرمانبەراندا و بەوە بەشێک لە برینەکانی ساڕێژ دەکات.



ڕیکلام