تۆمەتبارێکی دزیی سەدە خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەكان دەکات

  2023-03-14  | 
دۆسیە:  گەندەڵی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای سی مانگ بڕیاری دادگای عێراق بۆ دەستگیرکردنی بە تۆمەتی کارئاسانیکردن لە بردنی ٢.٥ ملیار دۆلارەکەی عێراق کە بە دزی سەدە ناسراوە، یەکێک لە تۆمەتبارانی سەرەکی دۆسییەکە، خۆی رادەستی ھێزە ئەمنییەکان کرد.

سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق رایگەیاند، زیا موسەوی کە پلەکەی بەڕێوەبەری گشتییە لە دەزگای ھەواڵگری و یەکێکە لە تۆمەتبارە سەرەکییەکانی "دزی سەدە"، خۆی رادەستی ھێزە ئەمنییەکان کرد و لەئێستادا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، موسەوی لەماوەی رابردوودا، لە یەکێک لە پارێزگاکانی عێراق خۆی داڵدەداوە، بەڵام دوای دانوستان لەگەڵیدا و دوور لە دەستوەردانی حکومی و سیاسی، ناوبراو خۆی رادەستی ھێزە ئەمنییەکان کردووە.

زیا موسەوی، تۆمەتبارە بە وەرگرتنی بەرتیل و بەکارھێنانی پۆستەکەی بەمەبەستی بازرگانی و خۆدەوڵەمەندکردن، بەشی گێڕانەوە لە دەستەی دەستپاکی فیدراڵیش تۆمەتی قاچاخچێتی نەوت و قۆستنەوەی پۆستەکەی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی ئاڕاستەکردوە.






ڕیکلام