بایۆمەتری فەرمانبەران.. پڕۆژەیەک لەسەر پشتی کیسەڵ

  2020-07-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بۆچوونت چییە لەسەر قۆناغی یەکەم و دووەمی بایۆمەتری، ئایا حکومەت دەتوانێت موچەخۆری شایستە و ناشایستە جیابکاتەوە؟


کاتێک قاسەکە بە تاڵدەبێتەوە و وەزارەتی دارایی ناتوانێت موچە دابینبکات، بۆ رەواندنەوەی ناڕەزایەتى فەرمانبەران، حکومەت دەست بۆ هەندێک چاکسازی دەبات بەبێ ئەوەی جێبەجێیان بکات، وەک کابینەکانی ٨ و ٩ی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانى ڕابردوودا کردوویانە.
بۆ نمونە لە ساڵی 2016ەوە حکومەت دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی تۆماری بایۆمەتری فەرمانبەران، دەیەوێت ئەو کەسانە ئاشکرا بکات کە لە موچەیەک زیاتریان هەیە، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە بڕی 4 ملیار دیناری تێدا خەرج کراوە.
نزیکەی 4 ساڵە پرۆژەکە دەستی پێکردووە، تازە حکومەت دەڵێت دەستدەکەین بە قۆناغی دووەم و سێیەمی پرۆژەکە، قسەکان لەسەر ئەوەیە ئەگەر حکومەتی نایەوێت یاری بەو پرۆژانە بکات و خەڵکی پێوە سەرقاڵ بکات جیاکردنەوەی فەرمانبەری شایستەو ناشاستە بۆ حکومەت کەی ئەوەندە قورسە، کورد وتەنی ئەو هەموو شێر و رێوییەی بۆچییە.
کە حکومەت خۆی ویستی لەسەری هەبوو، لەماوەی کەمتر لە هەفتەیەک هەموو وەزارەتەکان 21٪ی موچەی فەرمانبەرانیان بڕی و لیستی موچەیان رەوانەی وەزارەتی دارایی کرد.
لەو کاتەوە کە پرۆژەی بایۆمەتری دەستی پێکردووە  تەنیا سەرژمێری فەرمانبەران و موچەخۆران کراوە و 1 ملیۆن و 219 هەزار و 922 موچەخۆر تۆمار کراون، بەشێک لەو کەسانە بە شێوەیەکی نایاسایی دامەزرێنراون یان پلەیان پێدراوە، حکومەت خۆشی دەزانێت کێ شایستە و کێ شایستە نییە بەڵام بە بڕینی موچەی فەرمانبەرە راستەقینەکان یان پاشەکەوتکردنی، موچە بۆ ناشایستەکانیش دابیندەکات، ئەوەش وەک ئەوەئە کەسێک دەستەکانی شکابێت بەڵام قاچەکانی ببەسترێت.
لە قۆناغی یەکەمی بایۆمەتری تەنیا ژمارەی فەرمانبەران دیاریکران، ئێستا کە حکومەت بانگەشەی دەستپێکردنی قۆناغی دووەم و سێیەمی بایۆمەتری دەکات دەڵێت، بڕی 4 ملیۆن دۆلارى دیکەى تێدەچێت و 18 مانگ دەخایەنێت.
ئەگەر لە ماوەی ئەو 4 ساڵە بایۆمەتری فەرمانبەران تەنیا یەک قۆناغی بڕیبێت دەبێت دوو قۆناغەکەی تر چەند بخایەنێت کە بریتین لە بە ئەلیکترۆنی کردنی میلاکاتی حکومەت و دروستکردنی ژمێرەی ناوەندی.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرۆژەی بایۆمەتری داوای 4 ملیۆن دۆلاری لە حکومەت کردووە بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم و سێیەم بەڵام تاوەکو ئێستا پارەکە دابینەنەکراوە، لەم قەیرانە داراییە رەنگە وەزارەتی دارایی نەتوانێت ئەو بڕە پارە دابین بکات، پرۆژەکە وەک بەشێک لە پرۆژەکانی دیکەی حکومەت بە ئایندە بسپێردرێت.


ڕیکلام