بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێك ئاڕاستەی كۆنگرەی لۆزان لە رۆژئاوای كوردستان دەكات

  2023-07-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێک ئاڕاستەی كۆنگرەی لۆزان لە رۆژئاوای كوردستان دەکات کە ئەمە دەقەکەیەتی :

هاونیشتمانیانی خۆشەویست 
سڵاوێکی کوردانەتان لێبێت

١٠٠ ساڵ لەمەوبەر بەبێ ئامادەبوونی کورد و تەنانەت را وەرگرتنیشی، رێککەوتنامەی لۆزان دژی گەلی کورد واژۆ کرا. رێککەوتننامەیەک کە سەرەتایەک بوو بۆ لەناوبردنی خەونی لەمێژینەی گەلی کورد و دابەشکردنی خاکەکەمان بەسەر چوار پارچەدا.

بەدرێژایی مێژوو گەلی کورد هەوڵی بۆ برایەتیی گەلان و پێکەوەژیان داوە، بەڵام بەداخەوە هەمیشە بووینەتە قوربانیی زوڵم و ستەمی وڵاتان. هەموو جۆرەکانی توندوتیژیمان بەرامبەر ئەنجامدراوە و هەوڵی سڕینەوەی زمان و شوناسمان دراوە. بەڵام ئەمە نەک ئێمەی نەسڕییەوە، بەڵکو بە شۆڕش و خەباتی نەبڕاوەی گەلەکەمان لەپێناو سەربەرزی و سەرفرازی بەهێزتربووین و وەک شاخە سەرکەشەکانمان بەپێوە ماینەوە.


ئێستاش دوای تێپەڕینی ١٠٠ ساڵ بەسەر ئەو رێککەوتنامەیە و هەموو ئەو قوربانییانەی بەدرێژایی مێژوو داومانە، دەبێت پەند لە وانە مێژووییەکان وەربگرین و بە رۆحێکی کوردانەوە خۆمان بۆ داهاتوو ئامادە بکەین، داهاتوویەک کە تەنیا بە یەکێتی، یەکبوون و برایەتی دەتوانین زامنی بکەین. پێکەوە لەپێناو کوردستانی گەورە و پاراستنی شوناسمان خەبات بکەین و جیاوازییەکان بخەینە خزمەت ئامانجە باڵاکانەوە. ئەمەش تەنیا رێگەیە بۆ ئەوەی وەک میللەتێکی زیندوو و خاوەنماف دەنگمان بە جیهان بگەیەنین و بەرگری لە خۆمان بکەین.

ئامانجی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روونە و درێژەپێدەری سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلالە. ئەو سیاسەتەی خۆی لە پشتیوانیی کوردان و پشتگیریی خەباتە سیاسی و مەدەنییەکەیدا دەبینێتەوە. سیاسەتێک کە ئامانجەکەی سەربەرزیی کوردان و بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانە. بۆ ئەمەش روو لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەکەم و دەڵێم راستە ئێمە جیاوازییەکانمان زۆرن، بەڵام زمان و خاکە هاوبەشەکەمان خاڵی کۆکەرەوەی هەموومانە و دەبێت پارێزگاری لێبکەین. 

بە هەموو وڵاتانی جیهان و دراوسێکانیشمان دەڵێین شەڕ و ناکۆکی بژاردەی ئێمە نییە و بەهەموو شێوەیەک رەتی دەکەینەوە. دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان گەشەپێبدەین و دراوسێیەکی باشبین، بەڵام سازش لەسەر مافە رەواکانمان ناکەین و بەهەمووشێوەیەک بەرگری لێدەکەین. نابێت لەیادیشمان بچێت کە سەرۆک مام جەلال هەمیشە دەیفەرموو، تاوەکو کێشەی کورد لە رۆژهەڵات چارەسەرنەکرێت، ئاشتی یەکجارەکی لە ناوچەکە بەدینایەت.


ڕیکلام