پارێزگاری سلێمانی: پێویستە بە زوترین کات حکومەتی هەرێم لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایان کۆببێتەوە

  2023-11-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت؛ پێویستە بە زوترین کات حکومەتی هەرێم و وەزیرە پەیوەندیدارەکان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایان و وانەبێژانی ناڕازیی کوردستاندا کۆببنەوەو ڕوون و ڕاست و ڕاشکاوانە؛ داهاتی گشتیی و مافی دارایی و موچەو پرۆسەی خوێندن؛ تاوتوێبکەن و چارەسەربکەن.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێکدا لەبارەی پرۆسەی خوێندن ڕایگەیاند، لە خزمەت و خوێندندا؛ شەڕی ئیرادە نییە، شەڕی ئیدارە هەیە، دەبێت هەموومان پێکەوە ئەم شەڕە بکەین و کاربکەین، تێبکۆشین؛ باری کەچ و کەوتوو خواری بەڕێوەبردن و دراوو  دارایی و ئابوریی؛ ڕاستبکەینەوە.

دەشڵێت، چۆن خوێندن و خزمەت نابێت بووەستن، بەهەمان شێوەیش؛ نابێت ژیان و بژێویی و ئاسایش و بەرژەوەندیی گشتیی و سەروەریی یاساو دادپەروەریی و دەرفەتی یەکسان و خستنە سەرکاری توانست و هەناسەو خوێنی نوێ بۆ جەستەی دەوڵەتداریی و دامەزراوە گشتییەکانیش؛ بووەستن..، ئیرادەی هاوبەش؛ ئیدارە ڕێکدەخات و یەکدەخات، زامنی مافەکانمان دەکات، خۆسەپێنیی و بێباکیی و گەندەڵیی؛ پەکدەخات.

داواشدەکات، "بۆ ئەوەی لە وتارەوە بۆ کردار بچین، پێویستە بە زوترین کات بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بەبەشداریی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایان و وانەبێژانی ناڕازیی کوردستاندا کۆببنەوەو ڕوون و ڕاست و ڕاشکاوانە؛ داهاتی گشتیی و مافی دارایی و موچەو پرۆسەی خوێندن؛ تاوتوێبکەن و چارەسەربکەن".

ئاماژە بەوەشدەکات، ماف و موچەو خوێندن نەکرێنە کارتی هەڵبژاردن و سازشی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر دەشڵێت، ڕاوێژو ڕاگۆڕینەوەو بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی هاووڵاتیان و نوێنەرانی هاووڵاتیان لە گەڵاڵەکردنی بڕیارو چارەسەرکردنی کێشەو گرفت و قەیرانەکاندا، (بە تایبەتیی کە لە ئێستادا پارلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان؛ ڕاگیراون)، مانا بە هاووڵاتیبوون و بە حکومڕانییەکی ڕەوا؛ دەبەخشێتەوەو، ڕێگا بە چارەسەرەکان و هێز بە بڕیارەکان؛ دەداتەوە، بۆ هەمیشە؛ شوێنی کارو هۆڵەکانی خوێندن؛ پیرۆزترین شوێنن کە تیایاندا؛ هەموومان؛ بەیەکبگەین، ئیرادەمان؛ بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی؛ یەکبخەین..

 

 

 
 

 

 
 


ڕیکلام