نرخی هەر کابینەیەکی VIP لە دووکان بۆ ٢٤ کاتژمێر دەگاتە ٤٠٠ هەزار دینار

  2024-04-09  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
گەشتوگوزاری دووکان رایگەیاند: نرخی مانەوە لە کەپر و کابینە گەشتیارییەکان دیاریکراوە و نرخی مانەوە لە کابینەی VIP بۆ ٢٤ کاتژمێر، دەگاتە ٤٠٠ هەزار دینار.

رێژین رەئوف، بەڕێوبەری گەشتوگوزاری دووکان راگەیاند: ئامادەکاریی تەواویان کردووە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و سەردانیکەران، لە رۆژانی جەژندا چاودێری نرخی و خزمەتگوزارییەکانیش دەکەن.

گوتیشی، ئیدارەی قەزای دوکان و  کۆمەڵەی میوانخانەکان، نرخی کەپر و کابینە گەشتیارییەکانیان دیاریکردووە و نرخی یەک کەپر لە رۆژانی جەژنی رەمەزان لە نێوان ٢٥ بۆ ٦٠ هەزار دیناردایە و نرخی مانەوە بۆ ٢٤ کاتژمێر لە کابینەی ئاسایی لە نێوان ١٠٠ بۆ ١٥٠ هەزار دیناردایە.

ئاماژەی بەوەشکرد، نرخی کابینەیVIP دوو نهۆمی کە شوێنی پێنج خێزان دەبێتەوە، لەنێوان ٣٥٠ بۆ ٤٠٠ هەزار دیناردایە، کابینەش هەیە کەپری لەگەڵدایە و نرخەکەی دەگاتە ٢٠٠ هەزار دینارە و نرخی کابینەیەک لەنێوان ٣٠ بۆ ٦٠ هەزار دیناردایە.

وتیشی: لە رۆژانی جەژنی ساڵی رابردوو نزیکەی ١٠٠ هەزار گەشتیار و سەرانیکەر روویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی دووکان کردبوو، بۆ جەژنی ئەمساڵیش پێشبینی دەکەن ژمارەی سەردانیکەران بگاتەوە ئەو ژمارەیە و زۆرینەی گەشتیارەکانیش لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێن، بەشێکی زۆری کەپرەکانیان پێشوەختە بۆ رۆژانی جەژن گیراون، بەتایبەت بۆ سێیەم رۆژی جەژن زۆرترین کەس کەپرەکانیان گرتووە.
 


ڕیکلام