وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان: بەهەڵە داهاتی مانگی یەک و دوومان بە بەغدا وتووە

  2024-04-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای داواکردنی داهاتەکانی مانگی یەک و دووی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، پەرلەمانتارێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات، وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاندوە، "بەهەڵە داهاتی دوو مانگمان وتوە کە ٩٠٥ ملیارە، لەڕاستیدا ٧٠٠ ملیارە".

عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق بەفەرمی داوای لەهەرێمی کوردستان کردوە زیاتر لە ٩٠٥ ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی دوو مانگ ڕادەستبکەن، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان کە لەوەزارەتی دارایی هەرێم وەرگیراون، هەڵە لەنوسراوێکیاندا کراوە، بۆ ئەم مەبەستە وەفدێکی تەکنیکی دەنێرێت بۆ بەغدا".

لەبارەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە، میدیایی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاویکردەوە، کێشەی ئەو بڕە پارەیە لەوەدا بوە کە بە"هەڵە" پارەی سپاردەی بانکەکان، قەرزی کارەبا، هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە لەگەڵی هەژمارکراوەو نێردراوە بۆ بەغدا.

عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەشداوەر، "بەجیاکردنەوەی ئەو پارانە، داهاتی ئەو دوو مانگە نزیکەی ٧٠٠ ملیار دینارە، بۆیە شاندێکی تەکنیکیی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات، ئامانجی سەرەکی ڕێککەوتنە لەسەر داهاتی فیدراڵی کە چی دەگرێتەوەو دەبێت چی ڕادەستبکرێت".


ڕیکلام