لە یادى 12 هەمین ساڵیادى تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمەدا

  2020-07-21  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوازدە ساڵ لەمەوپێش لەبەردەم ماڵەكەی خۆیاندا لەگەڕەكی شۆریجەی شاری كەركوك رۆژنامەنوس سۆرانى مامەحەمە لەلایەن چەند چەكدارێكەوە تیرۆركراو تاكوئێستاش بكوژانی ناوبراو نەدۆزراونەتەوە.

ئەمڕۆ 12  ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر‌تیرۆركردنى ڕۆژنامه‌نووس سۆرانى مامه‌ حه‌مه‌، دواى دوازدە ساڵ لەشەهیدکردنى بەڵام  تا ئێستا ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى كه‌ركوك هیچ كه‌سێكیان به‌تۆمه‌تى كوشتنى ناوبراو دەستگیرنەکردووە.

کورتەیەک لەسەر ژیانى ماڵباتى  شەهید سۆران

لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ۱۹۹۱ لەترسی ڕژێمی بەعس بنەماڵەى ناوبرا و شاری كەركوك جێدەهێڵن‌و ڕوودەكەنە شاری سلێمانی، لە گەڕەکى حامیەی سلێمانی نیشتەجێدەبن، ئەوکات سۆران خوێندکارى سەرەتایى بوو، وەک براکەى دەڵیت، زۆجار بینیویەتى لەدیوارەكانی حامیە شیعری نووسیوە، لەو سەردەمەدا هەستیان بەوە کردووە کە سۆران مناڵێكی هەستیارەو جیاوازە لەمنداڵەكانی تر .

سۆرانی مامە حەمە، ساڵی ۲۰۰۳ كاتێك لەپۆلی سێیەمی ناوەندی دەبێت، یەكەمین بابەتی ڕۆژنامەنووسی دەربارەی كێشەو نەبوونی خزمەتگوزاری لەچەمچەماڵ بڵاوکردووەتەوە، هەر لەمنداڵیەوە خولیاى زۆرى بۆ خوێندنەوە و نوسین هەبووە، لەژێر سێبەری تیرۆردا كاری ڕۆژنامەنووسیی كردووە و چەندین بابەتى نوسیوە و هاوکات لەناو دونیای شانۆی كوردیدا، ئەكتەرێك بوو لەشانۆی فرۆشتنی نیشتیماندا ڕۆڵی پاڵەوانێكی دزگری گێراوە.

شەهید سۆران لەزۆنی مەرگدا كاری ڕۆژنامەنووسیی دەكردو بەردەوام لەژێر هەڕەشەی تیرۆردا بوو، سووربوونی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە لەسەر ڕووماڵكردن‌و خستنەرووی گەندەڵیی بەرپرسان‌و دەسەڵاتی كوردی لەشاری كەركوك ، چەندان جار ئەوی ڕووبەڕووی هەرەشەو مەترسی كردبووەوەو دوومانگ بەر لەشەهیدكردنیشی، هەڕەشەی كوشتنی لێكرابوو .

بەداخەوە دوازدە ساڵ لەمەوبەر و لە 21ى تەمموزى 2008 لەبەردەم ماڵەكەی خۆیاندا لەگەڕەكی شۆریجەی شاری كەركوك شەهیدكرا.

پـڕۆفـایـل

سۆران محەمەد عەزیز ناسراو بە سۆرانی مامە حەمە لە ۱۹۸۷/۲/۲ لەگەڕەكی شۆریجەی كەركورك لەدایكبووە .

لەساڵی (۲۰۰۳)ەوە دەستی بەكاری ڕۆژنامەنووسی كردووە .

شاعیرێكی هەستناسك‌و بە توانابووەو خاوەنی دیوانە شیعری (وەرزی بێتاقەتی)ـە .

قوتابیی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی كەركوك بەشی (بیستن‌و بینین) بوو .

بەرپرسی نووسینگەی كەركوكی گۆڤاری لڤین بوو .



ڕیکلام