وەزیری ناوخۆ: بۆ هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان دەسەڵات دراوەتە پارێزگارەکان

  2020-07-21  | 
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئەرشیڤ
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ۆ هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان دەسەڵات دراوەتە پارێزگارەکان و بڕیاریشیانداوە لە خاڵە سنورییەکانی هەرێم رێکاری نوێ بگرنەبەر.

دوابەدوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک بڕیاری نوێیان دەرکردووە کە دواتر لە رێگەی بەیاننامەیەکەوە، بڵاودەکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاریانداوە لە خاڵە سنورییەکانی هەرێم رێکاری نوێ بگرنەبەر و رێکارەکان بۆ دوای١ی٨ی٢٠٢٠ دیاریدەکرێن.

ئەوەشی خستەڕوو، کە دەسەڵاتی تەواویان داوە بە پارێزگارەکانی هەولێر و سلێمانی بۆ ئەوەی ئاسانکاری بکەن.

رێبەر ئەحمەد راشیگەیاند، قەدەغەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان وەکو خۆی دەمێنێتەوە و دەرگای مزگەوتەکانیش بەداخراوی دەمێننەوە.

ئاشکراشیکرد، ئاسانکاری زیاتر بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکەن و رێگەپیدانی ئەلەکترۆنی لەنێوان پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی کارادەکرێتەوە.

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، سەبارەت بە پارێزگای دهۆک رێکارەکان جیاواز دەبن، چونکە بە وتەی ناوبراو تا ڕادەیەکی باش توانراوە لەو پارێزگایە کۆنتڕۆڵی نەخۆشی کۆرۆنا بکرێت.