11 پەرلەمانتار داواى دانیشتنێکى تایبەت بە کێشەى کرێنشینان دەکەن

  2020-07-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ژمارەیەک پەرلەمانتارى کوردستان لە فراکسیۆنە جیاوازەکان داواى دانیشتنێکى تایبەتى پەرلەمان بە کێشەى کرێى کرێنشینان دەکەن.

لە نوسراوێکدا ئەو پەرلەمانتارانە ئاماژەیان بەوەکردووە، بەھۆی قەیرانی دارایی و ھەڵکشانی ڕێژەی بێکاری و نەبوونی موچە، کێشەی کرێ بۆ کرێنشینان دروست بووە و بە چەند مانگ جارێک ڕەنگە نەتوانن کرێی دوکان و خانووەکانیان بدەن .

لە نوسراوەکەدا ئاماژەیان بۆ ئەوەکردووە، ئەو بڕیارەى حکومەت داوێتی بۆ لێخۆشبوون لە ڕێژەیەکی کەمی کرێکانیان، بڕیارێکی ڕەزیلانەیە و ھیچ لە کێشەی کریچەکان چارەسەر ناکات، پێویست بوو بەلایەنى کەمەوە لە کرێی پێنج مانگی ھەموو خەڵک خۆش بوایە وەک پاڵپشتییەک بۆیان .

ئامانجى داواکردنى ئەو دانیشتنە بۆ ئەوە دەگەڕیننەوە، تا حکومەت بە بڕیارێک مولزەم بکرێت کە لەبەرژەوەندی کرێنشینان بڕیار بدات نەک لەبەرژەوەندی خۆی.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەگەڵ سەرهەڵدانى کۆرۆنا و قەدەغەى هاتوچۆ و دواکەوتنى موچە،  کرێنشینانیش وەک سەرجەم چین و توێژەکانى دیکەى کۆمەڵگە ڕووبەڕووى کێشەى پێدانى کرێى مانگانە بوونەتەوە و چەندین جار داوایان لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش کرد بۆ دەرکردنى بڕیارى کەمکردنەوە و لێخۆشبوونى کرێکانیان، بەڵام گوێ بۆ داواکاریەکانیان نەگیراوە.



ڕیکلام