چوار چەکداری داعش لە کەرکوک دەستگیرکران

  2020-07-23  | 
ژمارەیەک چەکداری داعش لە کەرکوک دەستگیرکران
فۆتۆ: دژەتیرۆری عێراق
کەرکوک
 سۆران عەبدولکەریم
بەهەماهەنگی لەگەڵ دژە تیرۆری سلێمانی، سێ چەکداری داعش و بەشداربوویەکی رووداوی کۆمەڵکوژی سپایکەر لە کەرکوک دەستگیرکران.

فەرماندەیەک لەژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەش لە کەرکوک کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بەتۆڕی هەواڵی ژیان-ی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٣ی٧ی٢٠٢٠، لە ئۆپراسیۆنێکدا هێزەکانی دژە تیرۆری عێراقی لەکەرکوک توانیویانە دوو چەکداری داعش دەستگیربکەن کە یەکێکیان بەشداربووی رووداوی کۆمەڵکوژی سپایکەر بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپراسیۆنەکە پاش دروستکردنی هەماهەنگی زانیاری و هەواڵگری تەواو هات لەگەڵ دژە تیرۆری سلێمانی.

ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانی ئاسایشی نیشتیمانی لە پارێزگای کەرکوک دوو چەکداری دیکەی داعشیان دەستگیرکردووە.

ئەو فەرماندەیە ئاشکراشیکرد، ئەم هەوڵەی ئاسایشی نیشتیمانی بۆ دەستگیرکردنی ئەو چوار  تیرۆریستە، لەسەر بنەمای زانیاری بووە کە پێشتر بەپێی مادەی چواری تیرۆر فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە و ئەندامانی دیوانی دارایی ڕێکخراوی داعش بوون.

راشیگەیاند، پاش لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و وەرگرتنی وتەکانیان، ئەو چوار کەسە ڕاستەوخۆ ڕادەستی دادگا کراون .