لە بازاڕێکى هەولێر ئاگرێکى گەورە کەوتەوە و زیاتر لە 250 دووکان سووتان

  2020-07-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ لە هەولێر ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان کەوتەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٢٥٠ دوکانی بازاڕەکە سووتان.

سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە (تۆڕى هەواڵى ژیان)ى راگەیاند، کاتژمێر 5:5 خولەکى بەیانى ئەمڕۆ هەینى ئاگادار کرانەوە بەبوونى ئاگرێک  لەبازاڕى سیمی گەڕەکی کوردستان، سەرجەم تیمەکان گەیشتنە شوێنى ئاگرەکە و تواندرا لەماوەی کەمتر لە چوار کاتژمێر ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن .

وتیشى، ئەو بازاڕە بازاڕێکى میللیە و دووکانەکانى لە جەبەلۆن دروستکراون، لەئێستادا نازانین ژمارەی ئەو دووكانانەی سوتاون چەندن، بەڵام ژمارەیەكی زۆرە و هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكەش نەزاندراوە.

ئاماژەى بەوەکرد، ئەوە جارى سێهەمە ئەو بازاڕە سووتاوە و لە ئێستادا ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە، بەپێى زانیاریەکانیش زیاتر لە 250 دووکانى بازاڕەکە سووتاوە.

 ئەمە لەکاتێکدایە، لە سەرەتاى ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا لە سنورى پارێزگاى هەولێر هەزار و 215 رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاوڵاتى سووتاون و گیانیان لەدەستداوە وێڕاى زیانى زۆرى مادى.

داڕشتنەوە: شادان حەسەن