نەجمەدین کەریم ڕەتیدەکاتەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆدەرچووبێت و رایگەیاند، ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکی نییە.
نوسینگەی راگەیاندنی نەجمەدین کەریم لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، لە چەند دەزگا و سایتێکی راگەیاندن، ھەواڵێك بڵاوکراوەتەوە، کە گوایە لەم رۆژانەدا لەلایەن دادوەری دادگای دەستەی دەستپاکی کەرکوک فەرمانی دەستگیرکردن بۆ نەجمەدین کەریم و چەند کەسانێکی تر لە بەرێوبەرایەتیەکانی کەرکوک دەرکراوە لەسەر پڕۆژەی سەقەڕ کەرکوک، بۆیە بەپێویستمان زانی بۆ شاری کەرکوکی خۆشەویست و کوردستان رابگەیەنین، کە ئەو ھەواڵە دوورە لە راستیەوە و ھیچ بنەمایەکی راستی و دروستی تیانیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھیچ جۆرێک ناوی نەجمەدین کەریم لەو فەرمانەدا نیە، بەڵکو فەرمانەکە تایبەتە بە چەند فەرمانگە و بەڕێوبەرایەتیەکی کەرکوک کە لیژنەی جێبەجێکردن و بەدواداچوون بوون بۆ پرۆژەی سەقەڕ لە کەرکوک .
هەر لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، بەداخەوە وەک پێشەی رۆژانەیان ئەو دەزگا راگەیاندنانە، بەردەوام ھەواڵی بێ بنەما و دوور لە راستی بڵاودەکەنەوە بۆئەوەی راستی بابەتەکان بشێوێنن و بۆ ئامانجی سیاسی بەکاری بھێنن و ئەمە یەکەمجاریان نیە دەبنە بەشێک لە بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە و ھەوڵی درۆینە.
نوسینگەی راگەیاندنی نەجمەدین کەریم راشیگەیاندووە، داوا لە ھەموو دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین، کە پیشەییانە کاربکەن و ئەمانەتی راگەیاندن بپارێزن و خۆیان بەدوور بگرن لە ھەواڵی ناڕاست، تا نەبنە مینبەری بڵاوکردنەوەی ھەواڵی درۆ و دروستکراو .
ئەم روونکردنەوەیە دوای ئەوەدێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا،
بڵاوکرایەوە کە دادوەری دادگای دەستەی دەستپاکی کەرکوک فەرمانی دەستگیركردنی بۆ نەجمەدین
کەریم پارێزگاری دوورخراوەی كەركوك و ژمارەیەك بەرپرسی ئیداری شارەكە لەسەر دۆسیەیەكی
گەندەڵی دەرکردووە.