ئامێدی.. لەئەنجامی بۆردومانەکەی ئەمڕۆی تورکیا گەنجێک شەهیدبوو

  2020-07-26  | 
دلۆڤان شاهین ئەو گەنجەی لە بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا شەهیدبوو
فۆتۆ: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
دهۆک
 مێهڤان مەجید
لەئەنجامی هێرشەکەی ئەمڕۆی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆسەر ناحیەی بامەڕنێ لە سنوری قەزای ئامێدی، گەنجێک شەهیدبوو.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ی٧ی٢٠٢٠، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە هێرشێکدا دوو ئۆتۆمبێلیان لە ناحیەی بامەڕنێی سەربە قەزای ئامێدی کردەئامانج.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو هێرشە گەنجێک بەناوی دلۆڤان شاهین شەهیدبووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گەنجە تەمەنی ٢٤ ساڵ و دانیشتوی گوندی کەشان-ی سەر بە ناحیەی باتیفا لە سنوری قەزای زاخو بووە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی زانیارییەکان، هەر لە ئەنجامی ئەو هێرشە گەریلایەکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) شەهیدبووە.

زیاتر لە مانگێکە سوپای تورکیا بەبیانووی لێدان لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشدەکاتەسەر سنورەکانی ئامێدی و زاخۆ لە پارێزگای دهۆک، بەوهۆیەشەوە ژمارەیەک هاوڵاتی شەهیدبوون و زەرەر و زیانی ماددی زۆریش بەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە گەیشتووە.