ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی هاوسەرۆكی یەكێتی و سەرۆكی حكومەت ئاشكراكرا

  2020-07-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە كۆبوونەوەیەكی نێوان هاوسەرۆكی یەكێتی و سەرۆكی حكومەت جەخت لە پشتیوانی كردنی حكومەت كرایەوە و رایانگەیاند پێویستە گشت لایەنە بەشداربووەكانی حكومەت پشتگیریی لە كارنامەی حكومەت بكەن.

لە كۆبوونەوەیەكدا لە نێوان هاوسەرۆكی یەكێتی و سەرۆكی حكومەت هەردوولا جەختیان لەوەكردەوە كە "پێویستە گشت لایەنە بەشداربووەكانی حكومەت، پشتگیریی لە كارنامەی حكومەت بكەن، چونكە بەرنامەی ھاوبەشی لایەنە بەشداربووەكانی ناو حكومەتە."

بەیانی ئەمڕۆ هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبوونەوە و دوای كۆبونەوەكە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژە بەوە كرا، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و پشتگیریكردنی حكومەت كراوە. 

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی نوسینگەی سەرۆكی حكومەت لەبارەی كۆبوونەوەكە بڵاویكردووەتەوە، هاوسەرۆكی یەكێتیی جەختی لەوە كردوەتەوە كە یەكێتی پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات. 

تاڵەبانی ئەوەشی وتووە كێشەی لایەنە سیاسییەكان نابێت لە دامودەزگا حكومییەكاندا ڕەنگ بداتەوە و پێویستە ھەموو لایەك بە پشووفراوانییەوە ھاوكار بن بۆ ئەوەی بە دانوستان ھەموو كێشەكان چارەسەر بكەن.

لەبەرامبەردا سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوە كردووە كە "پێویستە گشت لایەنە بەشداربووەكانی حكومەت پشتگیریی لە كارنامەی حكومەت بكەن، چونكە بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەم، بەرنامەی ھاوبەشی لایەنە بەشداربووەكانی ناو حكومەتە".