بەهۆی تەقینەوەیەكەوە لە كرماشان ئاگرێكی گەورە كەوتەوە

  2020-07-28  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەهۆی تەقینەوەیەكەوە لە كۆگاكانی نەوتی پارێزگای كرماشان، ئاگرێكی گەورە لە كەوتەوە و چەندین بارهەڵگری نەوت سوتان چەند كەسێكیش برینداربوون.

غوڵام ڕەزا ڕەزایی، بەرپرسی ڕێكخراوی ئاگركوژێنەوە و خزمەتگوزاری ئیمەنی شارەوانی كرماشان، رایگەیاند: گڕگرتنی چەندین بارهەڵگر بەنزین لە پاركینگی شارۆچكەی دەوڵەت ئاوا بووە.

ناوبراو باسی لەوە نەكرد كە ئاگرەكە لە ئەنجامی تەقینەوە بووبێت وتیشی: لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی لەلایەن هاوڵاتیانەوە لە ئاگركەوتنەوەكە ئاگادار كراونەتەوە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە لە 10 بنكەی ئاگركوژێنەوەوە تیمەكان روویان لەو شوێنە كردووە. 

ئەو بەرپرسە وتیشی: ئێستا سەرجەم هێزەكانی ئاگركوژێنەوە خەریكی كوژاندنەوەی بارهەڵگرەكانن كە بەنزینەكانیان تێدا گڕی گرتووە و نزیك بە 40 بارهەڵگری گواستنەوەی بەنزین لەو شوێنە براونەتە دەرەوە. 

لەبارەی زیانە گیانییەكان ئەو بەرپرسەی ئێران هیچ زانیاریەكی رانەگەیاند، بەڵام بەشێك لە میدیاكان باس لەوە دەكەن چەند كەسێك برینداربوون، بەڵام هیچ كەس گیانی لەدەست نەداوە.