لە رێگەى هێزەوە داواى کۆنترۆڵکردنى دەروازە سنوریەكانى هەرێم دەکرێت

  2020-07-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوایكرد، حكومەتی عێراق سەرجەم دەروازە سنوریەكانی هەرێمی كوردستان كۆنترۆڵ بكات و راشیگەیاند، پێویستە لەرێگەی بڵاوكردنەوەی هێزی سەربازیەوە دەروازە نافەرمیەكانی هەرێم دابخرێن .

لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا سەلام شەمەری ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، حكومەت بڵاوكردنەوەی هێزە ئەمنیەكان لەدەروازە سنوریەكان هەنگاوەكانی دەستپێكردوە و دەبێت سەرجەم دەروازەكانیش بەتەواوی كۆنترۆڵ بكرێن .

وتیشی: " پێویستە لەسەر حكومەت داوای رادەستكردنی دەروازە سنوریەكان بكات لەهەرێمی كوردستان بكات، چونكە نازانرێت داهاتی خاڵە سنوریەكان چیان لێدێت ".

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق باسی لەوەشكردوە، دەبێت دەروازە نافەرمیەكانیش دابخرێت لەرێگەی ئۆپراسیۆنی سەربازیەوە كە پێشتر لەلایەن هەرێمی كوردستان و لەنزیك دەروازە فەرمیەكان كراونەتەوە.

داڕشتنەوە: شادان حەسەن


ڕیکلام