سێیەم حاڵەتی مردن بەکۆرۆنا لە دهۆک تۆمارکرا

  2020-08-02  | 
 مازن شنگالی
لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو دا لە قەزای ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک سێ کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە .

سەباح زوهێر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی قەزای ئاکرێ بە (تۆڕى هەواڵى ژیان)ى راگەیاند، دوو کەس لەوانەى گیانیان لەدەستداوە خەڵکى قەزاى بەردەڕەش بوون و تەمەنیان لەنێوان ٦٠ بۆ ٦٦ ساڵاندا بووە.

وتیشى، ئەو دوو کەسە بەهۆى نەخۆشیەوە سەردانی نەخۆشخانەی گوڵانیان کردبوو لە ئاکردێ، دواى ئەنجامدانى پشکنین دەرکەوت هەڵگرى ڤایرۆسى کۆرۆنان و پێش ئەوەى رەوانەى نەخۆشخانەى تایبەت بەکۆرۆنا بکرێن گیانیان لەدەستدا.

ئاماژەى بەوەشکرد،  ئەمڕۆش کەسێکی تەمەن ٦٦ ساڵ کە خەڵکی قەزای ئاکرێ بووە بە هەمان شێوەی دوو کەسەکەی تر بۆ نەخۆشی سەردانی نەخۆشخانەکەی کردبوو ئەویش دەرکەوت هەڵگری ڤایرۆسەکەیە و گیانی لەدەستدا .

روونیکردەوە، لەئێستادا هیچ نەخۆشێکی دیکەى کۆرۆنا لەسنووری قەزاکەیان لە نەخۆشخانەکاندا بوونى نییە، هەرکەسێکیش تووشى کۆرۆنا ببێت ڕەوانەى دهۆک دەکرێت.




ڕیکلام