ژوری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان ژمارەیەك بڕیاری نوێی دەركرد

  2020-08-04  | 
وێنەى کۆبوونەوەکە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ژوری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا ژمارەیەك بڕیاری نوێی خۆپارێزی دەركرد و رایگەیاند، هاتوچۆ لەنێوان ئیدارەی گەرمیان و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ ماوەی یەك هەفتە، پێویستیشە كارمەندان و كرێكارەكانی كەرتی تایبەت پابەندبكرێت بە بەستنی دەمامك ئەگەرنا بە 150 هەزار دینار غەرامە دەكرێن .

بەپێى راگەیەندراوێكی ژوری ئۆپراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان،  ئەمڕۆ سێشەمە ژوری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە سەرپەرشتی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بە ئامادەبونی ئەندامانی ژوری ئۆپەراسیۆن  كۆبوەوە، سەبارەت بە گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ روبەروبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەژێر ڕۆشنایی بڕیارەكانی  لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێنماییە تەندروستیەكان، ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە پەسەندكران .

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، جەخت لەسەر پابەندبون بەبەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆ كراوەتەوە، بەجۆرێك میكانیزمی گونجاو پێویست و لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی تەندروستی گەرمیان دەگیرێتەبەر

باس لەوەشكراوە، ژوری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان هەڵسەنگاندنی بۆدۆخی تەندروستی گەرمیان لەژێر ڕۆشنایی یاداشت و ڕاسپاردەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیاندا كردوە و ژمارەیەك بڕیاری دەركردوە .

بڕیارەكان :

یەكەم: پێویستە سەرجەم(ماركێت و ڕیستۆرانت و شوێنە بازرگانییەكان و سەنتەرو نۆرینگەپزیشكییەكان وپزیشكی ددان و كارمەندانی تەندروستی و تاقیگەیی و شوێنەگەشتیارییەكان و پاركەكان و كافتریاو چاخانەكان و هۆڵەكانی وەرزش و لەشجوانی و مەلەوانگەكان) بەگرتنەبەری ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی و جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان كارەكانیان ئەنجام بدەن, بەپێچەوانەوە بۆهەریەكێك لەوكارو پیشە جیاوازانە سزای دیاریكراو لەبەیانی ژمارە46ی وەزارەتی ناوخۆیان بەسەردا جێبەجێدەكرێت .

دوەم: بەردەوامیدان بەقەدەغەكردنی گشت بۆنەكان(پرسەی ماتەمینی,ئاهەنگ و بۆنە كۆمەڵایەتییەكان )

سێیەم: ڕاگرتنی هاتوچۆ لەنێوان ئیدارەی گەرمیان و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆماوەی یەك هەفتە .

چوارەم: ژوری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان قائیمقامیەتەكانی سنورەكەی ڕادەسپێرێت بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان و پۆلیسی گەرمیان لەگرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست , بەرامبەر ئەو شوفیرانەی ئۆتۆمبیلی(تایبەت, كرێ, بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی هێڵەكانی گواستنەوەی نێوشار) كاردەكەن و خۆیان و سەرنشینەكانیشیان پابەندنەبون بە جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان, بڕگەی یازدەیەم لەبەیانی ژمارە46ی وەزارەتی ناوخۆیان بەسەردا جێبەجێبكرێت .

پێنجەم: دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت دەبێت كارمەندان و كرێكارەكانیان پابەندبكەن بەبەستنی دەمامك و ڕێنماییە خۆپارێزییەكان جێبەجێبكەن,بەپێچەوانەوەبڕی(150.000)سەدوپەنجا هەزاردینارخاوەنی دامەزراوەكە سزادەدرێت .

شەشەم: ژوری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان لەنزیكەوەچاودێری جێبەجێكردنی ئەم بڕیارو ڕاسپاردانە دەكات,ئەولیژنانانەی كەلەپێشوترداپیكهێنراون بۆبەدواداچون وپشكین ئاكتیڤدەكرێنەوە و سەردانی مەیدانییان دەبێت و ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیانیش پشت بەڕاپۆرتەكانیان دەبەستێت, بەپێچەوانەشەوە هەر لیژنەیەك كەمتەرخەمی لەجێبەجێكردنی ئەركەكانیاندا بەدی بكرێت توشی لێپێچەنەوەی یاسای دەبن .

حەوتەم: پێكهێنانی لیژنەی باڵای پشكینین و بەدواداچون  لەسەر ئاستی ئیدارەی گەرمیان(بەسەرۆكایەتی ئیدارەی گەرمیان و ئەندامێتی بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكانی سنورەكە) تایبەت بە پرسی ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا .

هەشتەم: دەسەڵات دەدرێت بەقائیمقامیەتەكانی سنوری ئیدارەی گەرمیان بۆ گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێكی دیكەی پێویست بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا .

نۆیەم ئەم بڕیارانە لە كاتژمێر12:00ی شەوی 5ی ئابی 2020ەوە جێبەجێدەكرێن