هاتووچۆی سلێمانی سزایەكی نوێی راگەیاند

  2020-08-10  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، بڕی یەك ملیۆن دینار غەرامەی ئەو كەسانە دەكرێت كە ئامێری ئاگاداركردنەوە و روناكی بەرز بۆ ئۆتۆمبێلەكانیان بەكاردەهێنن جگە لەوەی ئۆتۆمبێلەكانیش بۆ ماوەی هەفتەیەك دەستی بەسەردادەگیرێت.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، لەبارەی قەدەغەكردنی ئامێرەكانی ئاگاداركردنەوە بەدەنگی و روناكی ئۆتۆمبێل جێبەجێ دەكات. 

ئەو بەڕێوەبەرایەتیە راشیگەیاندووە،  قەدەغەكردنی ئامێرەكانی ئاگاداركردنەوەی روناكی و دەنگی بەهەموو جۆرەكان دەگرێتەوە جگە لە دەزگا ئەمنی و دەزگا رێگەپێداروەكان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتن و ئەمبوڵانس.

ئەو بەڕێوەبەرایەیتە ئەوەشی روونكردووەتەوە، هەر ئۆتۆمبێل ئەو ئامێرە بەكاربهێنێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت بۆماوەی یەك هەفتە، لەگەراجی تایبەت بە دەستبەسەرداگرتن.

ئەوەشی راگەیاندووە جگە لە دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەكە  " بەبڕی یەك ملیۆن دینار وەك سزای سەرپێچیكردن لێوەردەگرێت و  پێویستە پاكانەی سەرجەم سزای سەرپێچیەكانی سەر ئۆتۆمبێلەكەی لێوەربگیرێت."

ئەوەشی راگەیاندووە" لەكاتی دووبارە بەكارهێنانەوەی ئەو ئامێرانە، ئەوا بەبڕی دوو ملیۆن دینار سەرپێچیكار سزا دەدرێت".


ڕیکلام