ئەمڕۆ پارتی و یەكێتی لەهاوینەهەواری دووكان كۆدەبنەوە

  2020-08-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ سێشەممە مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتیی لە هاوینەهەواری دووكان كۆدەبنەوە، هەردوو حزبەكەش ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی باڵای نێوانیان.

 ئەمڕۆ لە هاوینەهەواری دووكان لە پارێزگای سلێمانی هەریەكە لە پارتی و یەكێتی كۆدەبنەوە و بە گوێرەی زانیاریەكان تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردنە لەبارەی چەند تەوەرێك كە گرنگترینیان پەیوەندیەكانی نێوان پارتی و یەكێتیە. 

وەفدی پارتی پێكهاتوون لە هەریەكە لە هۆشیار زێباری، مەحمود محەمەد، عەلی حسێن، لەبەرامبەردا شاندی یەكێتی بە سەرۆكایەتی رزگار عەلی و هەریەكە لە شاڵاو عەلی عەسكەری و خەسرەو گوڵ پێكهاتوون. 

تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ ئامادەكاریە بۆ كۆبوونەوەی باڵاتری نێوانیان، گفتوگۆ لەبارەی رێكەوتنی هەریچم و بەغدا تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ دەبێت بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا هەرێم لەگەڵ بەغدا نزیكن لە رێكەوتن. 

هەریەكە لە پارتی و یەكێتی لە دوای ئەنجامدانی كۆنگرەی یەكێتی لە (21.12.2019) كە تیایدا هاوسەرۆكان و سەركردایەتی نوێی دیاریكرد ناكۆكی بەخۆیەوە بینیوە و پارتی تا ئێَستا پیرۆزبایی كۆنگرەی لە یەكێتی نەكردووە. 

رۆژی 26 تەمموزی 2020، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەولێر كۆبووەوە.