وەزارەتی كشتوكاڵ گرێبەستێكی ستراتیژی واژۆكرد

  2020-08-11  | 
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێم
فۆتۆ: ئەیوب ساڵح
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی كشتوكاڵ گرێبەستێكی بۆ ساخكردنەوەی گەنمی جوتیارانی هەرێم ئەنجامدا و دوای تەواو بوونی پڕۆژەكە ئەو بەرهەمانەی لە گەنم بەرهەمدێن هاوردەكردنیان قەدەغە دەكرێت.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجامدانی گرێبەستێكی بۆ بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیاران راگەیاند. 

پڕۆژەكە پڕۆژەیەكی ستراتیژی وەزارەتەكەیە و ساڵانە 500 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان وەردەگرێتەوە، سێ كارگەی بەرهەمهێنانی ئاردی سپی لە سلێمانی و هەولێر و دهۆك دەكرێتەوە و چەند كارگەیەكی دیكەش بۆ ئەو بەرهەمانە دەكرێتەوە كە لە گەنم بەرهەمدێن. 

ئەوەشی راگەیاند بە جێبیەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە لە بەرهەمەكانی گەنمدا هەرێمی كوردستان بڕی پێویستی خۆی بەرهەم دەبێت، بەو هۆیەشەوە قەدەغەی تەواوەتی بۆ هاوردەكردنی ئەو بەرهەمانە جێبەجێ دەكرێت. 

بەگوێرەی ئەو پڕۆژەیە بۆ هەریەكە لە پارێزگاانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكان بڕی 150 هەزار تۆن گەنمیان لێوەردەگیرێت و بۆ پارێزگای دهۆكیش 150 هەزار تۆن و لە هەولێریش 200 هەزار تۆن گەنمیان لێوەردەگیرێت. 

 گرێبەستی وەزارەتەكە لەگەڵ هەریەكە لە كۆمپانیای خۆشناو و كۆمپانیای قەیوان ئەنجامدرا، بڕیارە 60%ی هەلیكاری پڕۆژەكان بۆ ناوخۆ بێت و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بازاڕ بۆ ئەو كارگانە دابین دەكات. 


ڕیکلام