بەغدا هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دەکات لەبەرامبەر ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا

  2020-08-13  | 
تورکیا دەڵێت بەردەوامی دەدات بە ئۆپراسیۆنەکانی لەناوخۆیی عێراق
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئەمڕۆ ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانیان توانای سەربازییان هەیە بۆ بەرگریکردن لەهەر دەستدرێژییەکی دەرەکی و ئاماژەشی کردووە بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئەم دوایەی تورکیا لەناو خاکی عێراقدا، لەبەرامبەریشدا تورکیا دەڵێت بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان.

تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان، بە ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراقی ڕاگەیاندووە، ئەوەی تورکیا ئەنجامیداوە لەکردنە ئامانجی ئەفسەرانی عێراقی لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنور، کاریگەری نەرێنیشی دەبێت بۆ سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

خەفاجی لەوبارەیەوە وتی "هەڵسوکەوتێکی مەترسیدارە و جۆرێکە لە دەستدریژی بۆسەر سەروەیی عێراق".

ڕوونیشیکردەوە لەدوای ڕوداوەکەوە، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان دەستی بەگفتوگۆی هاوبەش کردووە لەسەر ئاستێکی باڵا، لەگەڵ هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی لەگەڵ سەرکردایەتی سەربازیی لە هەرێمی کوردستان، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کاریگەرییەکانی دەستدرێژییە دووبارەکانی تورکیا بۆسەر خاکی عێراق.

وتیشی "ڕێنمایی و پێشنیاز بەم نزیکانە لەلایەن  فەرماندەی گشتی هێزەچەکدارەکانەوە دەردەکرێت سەبارەت بەو بابەتە".

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان بەهەموو شێوەیەک ڕەتیدەکاتەوە خاکی عێراق بەکاربهێنرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی کیشە و ناکۆییەکان و لەوبارەیەوە وتی "پێویستە لەسەر تورکیا دوور لە خاکی عێراق، خۆی چارەسەری کێشەکانی خۆی بکات".

لەبەشێکی تری لێدوانەکانی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان ئاشکرایکردووە، پاسەوانی هەرێم لە کۆبوونەوەکەدا داوایانکردووە، گفتوگۆ بکرێت دەربارەی هەندێک لە خاڵە ئەمنییەکان  لەسەنتەرە هاوبەشەکان، جەختیشیکردەوە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان چاوەڕوانی وەڵامی پاسەوانی هەرێم و هێزەکانی پێشمەرگەیە، سەبارەت بە ئالیەتێکی کارکرد لەو سەنتەرە هاوبەشانە.

سەبارەت بەو هەڵوێستانەی عێراق، تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختیکردەوە، بەردەوام دەبێت لە ئۆپراسیۆنەکانی لە سنورەکانی عێراق لەدژی گەریلاکانی پەکەکە، ئەگەر بێتوو بەغدا بەردەوام بێت لە چاوداخستن لە بوون و چالاکییەکانیان لەناوچەکەدا، داواشی لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد، هاوکاری ئەنکەرە بکەن لەوبارەیەوە.

لەوبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بوونی گەریلاکانی پەکەکە هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی عێراق و بەغدا بەرپرسیارە لە گرتنبەری ڕێوشوێنی پێویست لەدژی ئەو چەکدارانە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنکەرە بەرگری لە سنورەکانی خۆی دەکات، ئەگەر هاتوو بەغدا ڕێگە بدات بە بوونی ئەو چەکدارانە لەناوچانە.

لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیادا هاتووە "تورکیا ئامادەیە بۆ هاریکاریکردنی عێراق سەبارەت بەو دۆسییە، بەڵام ئەگەر بێت و چاو بنووقێنێت لەئاست بوونی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەعێراق، ئەوا وڵاتمان  سوورە لەسەر گرتبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پارێزگایکردن لەسنورەکانی خۆی بێ لەبەرچاوگرتنی شوێن، بۆیە داوا لە عێراق دەکەین ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر".

ماوەی زیاتر لەدوو مانگە سوپای تورکیا بە پشتیوانی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆبخانەکانی سوپا، بە بیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە، ئۆپراسیۆنێکی فراوانی دەستپێکردووە لەناو خاکی عێراق، کە تا ئێستا بووەتە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان.

لەچەند ڕۆژی ڕابردووشدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق و پەکەکەی کردە ئامانج و بەهۆیەوە دوو ئەفسەری باڵای کوردی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق شەهید بوون، ئەو ڕووداوەش بووە مایەی نیگەرانی و توڕەییەکی زۆری دەسەڵاتدانی عێراق.

دوای ئەو ڕوداوەش ڕێکخراوی کۆمکاری عەرەبی و چەند دەوڵەتێکی عەرەبی ئیدانەی هێرشەکانی تورکیایان کرد بۆ ناو خاکی عێراق و، ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ هەر هاوکارییەک، کە عێراق پێی هەڵبستێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بۆ بەرپەرچدانەوەی پێشێلکارییەکانی تورکیا بۆسەر خاکی عێراق.

پارتی کرێکارانی کوردستان کەلەلایەن تورکیا و ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە، لە ساڵی ١٩٨٤وە بۆ بەرگریکردن لە بوون و مانەوەی کورد لە تورکیا خەباتی چەکداری دەستپێکردووە، بەهۆی ئەو جەنگەوە لەگەڵ تورکیا تا ئێستا زیاتر لە ٤٠ هەزار کەسی تیا کوژراوە و تا ئێستاش بە بەردەوامی ئاگری ئەو شەڕە بەڕێوەدەچێت.