کۆمکاری عەرەبی: پشتیوانی هەموو جوڵەیەکی بەغدا دەکەین بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی تورکیا

  2020-08-12  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕێکخراوی کۆمکاری عەرەبی جارێکی تر ئیدانەی پێشێلکارییە دووبارەکانی تورکیای کرد بۆسەر سەروەریی عێراق و پشتیوانی خۆشی بۆ هەر جوڵەیەکی بەغدا دەربڕی، کە ئەنجامی دەدات لەسەر گۆڕەپانی جیهانی بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی تورکیا.

ئەحمەد ئەبوغیت ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی کۆمکاری عەرەبی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەتوندی ئیدانەی بۆردومانەکانی تورکیا دەکەن، کە دوێنی کردیە سەر ناوچەی سیدەکانی نزیک سنوری تورکیا و عێراق، کە بووە هۆی شەهید بوونی دوو ئەفسەری باڵای هێزە چەکدارەکانی عێراق و ژمارەیەکی دیکەی هاوڵاتیانی مەدەنی.

ئەمینداری کۆمکاری عەرەبی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هێرشانە پێشێلکارییەکی ڕەهای سەروەریی عێراق و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و ڕێزگرتنی هاوسێیەتییە.

لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کۆمکاری عەرەبی پشتیوانی هەر جوڵەیەکی حکومەتی عێراقی دەکەن لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، لەپێناو ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆسەر خاکی عێراق و پارێزگاریکردن لە سەروەریی و ئار امی و ئاسایشی ئەو وڵاتە.

دوێنێ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هێزی ئاسمانی تورکیان لە دەڤەرەی سیدەکان هێرشیکردە سەر کۆبوونەوەیەکی نێوان هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق و پەکەکە، لەئەنجامدا دوو ئەفسەری باڵای هێزی پاسەوانی سنوری عێراق و ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و بریندار بوون.