رێککەوتنی ئیسرائیل و ئیمارات کاردانەوەی ئێرانی لێکەوەتەوە

  2020-08-14  | 
رێککەوتنی ئیسرائیل و ئیمارات کاردانەوەی ئێرانی لێکەوەتەوە
ئەرشیڤ
تاران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات، "لێدانی خەنجەرە لە پشتی گەلی فەڵەستین".

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئیماراتی بەناوبژیوانی ئەمریکا کرد و رایگەیاند، ئەو بڕیارە "گەمژەییەکی ستراتیژییە و لێدانی خەنجەرە لە پشتی گەلی فەڵەستین".

تاران هۆشداریدایە ئیمارات و هاوپەیمانەکانی لەوەی کە ئەگەر لە ئەنجامی ئەو رێککەوتنە، ئیسرائیل دەست لەکاروباری کەنداوی فارس وەربدات، ئەوا حکومەتی ئیمارات و وڵاتانی هاوپەیمانی دەبێت بەرپرسیارێتی تەواوی دەرەنجامەکانی ئەو بڕیارە لەئەستۆ بگرن.

هەر لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە کە رێککەوتنی نێوان ئیسرائیڵ و ئیمارات، دەبێتەهۆی گەشەسەندنی هەوڵەکان و بڕیارەکانی دژە ئیسرائیلی لەناوچەکە.

پێشتریش، گروپەکانی حزبوڵای لوبنان و هاوپەیمانەکانی ئێران، ئیدانەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات-یان کردووە.

رۆژی پێنجشەممە ١٣ی٨ی٢٠٢٠، هەریەکە لە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و محەمەد زائید جێنشینی ئەبوزەبی و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەرێگەی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، رایانگەیاند، ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو و ئیسرائیل ڕێککەوتن لەسەر بنیاتنانی پەیوەندیی دیپلۆماتی تەواو لەنێوانیاندا.

 

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا دەربارەی ڕێککەوتنەکە ڕایگەیاند، "ڕێککەوتنێکی مێژوویی لەنێوان دوو دەوڵەتی دۆست و لێپرسراوانی باڵای ئەمریکا لە کۆشکی سپی ئەنجامدراوە".

بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، ئیسرائیل ڕەزامەندبووە لەسەر ڕاگرتنی کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەکی کەناری خۆرئاوا، کە بەنیازبوو بیانخاتە سەر ئیسرائیل.