نێچیرڤان بارزانی: پارتی رۆڵی گرنگی هەیە لە چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا

  2020-08-16  | 
دۆسیە:  پارتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پێویستە كادرانی حزبەكەی سەرمەشقی یەكڕیزی بن و جەختیش لە رۆڵی گرنگی حزبەكەیان دەكاتەوە لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم.

بەبۆنەی ساڵیادی دامەزرانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی پەیامێكی بڵاوكردەوە و تیایدا رایگەیاند: ئەركی پارتی و كادیرانیەتی لە ڕێگەی حكومەت و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانەوە، كار بۆ باشتركردنی ژیانی كوردستانییان و تێپەڕاندنی كێشە و قەیرانەكان بكەن. 

ئەو ئاماژەشی بۆ ئەوە كردووە پێویستە كادرانی حزبەكەی: دەستپێشخەر و سەرمەشقی یەكڕیزی و تەبایی و پێكەوەكاركردنی لایەن و پێكهاتەكانی كوردستان بن بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان. 

نێچیرڤان بارزانی كە هاوكات سەرۆكی هەرێمی كوردستانە لە پەیامەكەیدا دەشڵێت "جەخت لە رۆڵی گرنگ و كاریگەری پارتی لە چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی ماف و شایستە‌ دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان و بەكردەییكردنی فیدرالیزم دەكەینەوە". 

ئەمڕۆ 16ی ئابی2020 ماوەی 74 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەن مەلا مستەفای بارزانی و چەند كەسایەتیەكی دیكەوە دامەزرێندرا. 


ڕیکلام