سێ بەرپرسی تری کورد لەکەرکوک لەپۆستەکانیان دووخرانەوە

  2020-08-19  | 
 سۆران عەبدولکەریم
لەدرێژەی هەوڵەکانی پارێزگاری کەرکوک بۆ دوورخستنەوەی لێپرسراوە کوردەکان لە پۆستەکانیان، لەنوێترین پێشهاتدا دوو قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەک لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان لەکەرکوک ڕایگەیاند، ئەو سێ کەسەی کە لەپۆستەکانیان دوورخراونەتەوە، لەدوای ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە کەرکوکیان بەرەو هەرێمی کوردستان جێهێشتووە.

ئەوانەش کە دوورخراونەتەوە، یەکێکیان کامیل ساڵەییە قایمقامی ناوەندی پارێزگای کەرکوک لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەروەها عەبدوڵا نوری قایمقامی قەزای دوبز، کە دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی شاری کەرکوک، لوقمان حسین بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕانی سەر بەقەزای دوبز.

لەئێستادا قایمقامیەتی قەزای ناوەندی کەرکوک لەلایەن فەلاح یایچڵییەوە بەڕێوەدەبرێت، کە لەهەمان کاتدا قایمقامی یایچییە لە کەرکوک و لە نەتەوەی تورکمانە، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕانیش لەلایەن عەبدولمتەلیب نەجمەدین بەڕێوەبەری ناحیەی پردێوە بەڕێوە دەبرێت کە لە نەتەوەی کوردە، ئەو کەسانە پۆستەکان بەوەکالەت بەڕێوەدەبرێن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی هەواڵی ژیان، کامیل ساڵەیی بەنیازە تانە لەبڕیارەکەی پارێزگار بدات، چونکە پێی وایە دۆخێکی تایبەت لە کەرکوک هەیە و ساڵانە ئەو لێپرسراوە ئیداریانە مۆڵەتیان پێشکەشی پارێزگار کردووە و پارێزگاریش ڕەزامەندی لەسەر مۆڵەتەکەیان دەربڕیوە.

بیانووی لابردنی ئەو کەسان لەلایەن پارێزگارەوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چەندین جار داوای گەڕاوەیان لێکردوون و  نامەی ئاگاداری کردنەوەیان ئاراستە کراوە، بەڵام ئەوان نەگەڕاونەتەوە بۆ سەر کارەکانیان.

بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان تا ئێستا نزیکەی ٥٠ پۆستی ئیداری و ئەمنی  لە پارێزگاری کەرکوک لە کورد سەندراونەتەوە و دراونەتە نەتەوەی عەرەب و تورکمان و زیاتر دراون بە نەتەوەی عەرەب.

 



ڕیکلام