هەپەگە: لە سنوری شیلادزێ بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشمانکردەسەر بارەگایەکی تورکیا

  2020-08-24  | 
دهۆک
هەپەگە رایگەیاند، لە سنوری شیلادزێ بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیانکردووەتە سەر بارەگایەکی تورکیا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) ڕایگەیاند، لە سنورى شیلادزێ گەریلاکانیان بەفڕۆکەى بێفڕۆکەوان هێرشیانکردووەتە سەر بنکەیەکى سوپاى تورکیا و لە هێرشەکەشدا ژمارەیەک سەربازی تورکیا کوژراون.

هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاتژمێر 8:30 خولەکی ٢٠ی ئەم مانگە یەکینەکانی بەرگری ئاسمانی لە کۆمەڵگەی سیرێ سەربە ناوچەی شیلادزێ لە پارێزگای دهۆک، چالاکییەکیان بۆ سەر بارەگایەکی سەربازیی سوپای تورکیا ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو چالاکییەدا کە بە ئامێرێکی ئاسمانی بۆمبڕێژکراو ئەنجامدرا، ئامانجەکەی سەرکەوتووانە پێکا و لە چالاکییەدا ژمارەیەکی زۆر سەربازی تورکیا کوژراون، بەڵام ژمارەکەیان بەوردی دیارنییە.

هەر لە راگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا، چەند جارێک شاخی ڕۆست-یان لە ناوچەی گۆشین-ی خواکوڕک و مەیدانەکانی کارکەر و ساجا-یان لە هەرێمی زاپ بۆردومانکردووە .

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ئەو بۆردومانەوە، ئاگر لە مەیدانی کارکەر کەوتەوە بەڵام هیچ زیانێک بەر گەریلاکانی پەکەکە نەکەوتووە.

زیاتر لە دوو مانگە، سوپای تورکیا بەبیانوی لێدان لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشدەکاتە سەر سنورەکانی زاخۆ و ئاکرێ و برادۆست لە پارێزگای دهۆک، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەک هاوڵاتی هەرێمی کوردستان شەهید بوون و زیانی ماددی زۆریش بەر دانیشتووانی ناوچەکە گەیشتووە.




ڕیکلام