وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماری ئەمڕۆی تووشبووانی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ١١ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە.
یاد نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی٨ی٢٠٢٠، ٣٢ تووشبووی کۆرۆنا داخلی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە سلێمانی کراون و ١١ کەسی دیکەش بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە .
روونیشیکردووەتەوە، نەخۆشخانەی ئاسا پێنج تووشبوو، نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ چوار تووشبوو، نەخۆشخانەی شەهید هێمن ١٥ تووشبوو و نەخۆشخانەی شەهید تاهیر والی بەگ هەشت تووشبووی کۆرۆنایان وەرگرتووە .
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر ئەمڕۆ ١١ تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی ئاسا و شەهید ئاسۆ و شەهید هێمن گیانیان لەدەستداوە .
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی راشیگەیاند، ١١ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، لە ئێستاشدا ٢٠٢ تووشبوو لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی ماون و لەژێر چاودێری پزیشکیدان .
بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ٢٦ هەزار و ٨٠١ کەس لە هەرێم تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ٩٨١ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٦ هەزار و ٢٤٣ تووشبووش چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.