عەلی حەمە ساڵح: هەنگاوەکان بۆ گەڕاندنەوەی نەخۆشخانە حکومییەکەی هەولێر دەستیپێکردووە

  2020-08-30  | 
هەولێر
عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، داواکاری گشتی هەنگاوەکانی دەستیپێکردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو نەخۆشخانە حکومییەی کە بە ٤٠ ملیۆن دۆلار دروستکراوە بۆ منداڵان و ژنان لە هەولێر و ئێستا کراوە بە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی.

عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی، "دوای ئەوەی زانیاریمان بەدەست گەیشت کە نەخۆشخانەیەکی مۆدێرن لەلایەن کۆمپانیایەکی نەوتییەوە دروستکراوە بۆ ژنان و منداڵانی کوردستان، لەگەڵ ھاوڕێکانم بە ھەردوو ئاراستەی کاری پەرلەمانی و دادگا کارمان لەسەر کردووە و بەڵگەی پێویست خراوەتەڕوو".

ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆسیەکە ڕەوانەی سەرۆکایەتی حکومەت کراوە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا بڕیاری لێبدات بە وەرگرتنەوەی نەخۆشخانەکە .

دەشڵێت، "لە ھەمانکاتدا داواکاری گشتیش ئاگاداریان کردینەوە کە ڕێکاری یاساییان لەسەر دۆسیەکە دەستپیکردووە" .

روونیشیکردووەتەوە، کۆمپانیایەک نەخۆشخانەیەکی بۆ منداڵانی ھەولێر و دورووبەری دروستکردووە، دوای تەواوبوونی، ئەم نەخۆشخانە حکومییە دراوە بە چەند کەسێک و لەئێستادا تیمێکی پزیشکیی تورکی کاری تێدادەکەن و ئێستا گرانترین نەخۆشخانەی ھەولێرە.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاندووە، تاوەکو وەرگرتنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە، لەبەدواداچون بەردەوام دەبن.

سەبارەت بەوپرسە، بەوتەی خۆی، عەلی حەمە ساڵح و هاوڕێکانی نامەیەکیان ئاڕاستەی داواکاری گشتی کوردستان کردووە، ئەمەی خوارەوە دەقی نامەکەیە:

بەڕێز : داواکاری گشتی لە کوردستان

بابەت: داگیرکردنی نەخۆشخانەیەکی گشتی لە ھەولێر

بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمپانیای ئۆرێكس پێترۆلیۆمە کە هی ساڵی ۲٠۱٤ە، زیاتر لە (٤٠) ملیۆن دۆلاریان داوەتە نەخۆشخانەی مناڵانی كوردستان، بەڵام ، لە ڕاپۆرتی کۆمپانیاکەدا ھاتوە :

نەخۆشخانەی منداڵانی کوردستان گەورەترین پرۆژەی کۆمپانیاکەمانە کە دەکەوێتە دەوروبەری هەولێر و پێکدێت لە بینایەکی سەرەکی و دوو بینای لاوەکی، نەخۆشخانەکە دەتوانێت چارەسەری پزیشکی و نەشتەرگەری بگەیەنێت بە ژمارەیەکی زۆری دایکان و منداڵان بەو پێیەی 120 قەرەوێڵە و کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین و خەزێنەیەکی گەورەی تێدایە.

لە 2013 کۆمپانیاکەمان بڕی 40 ملیۆن دۆلار هاوکاری بۆ نەخۆشخانەکە تەرخان کرد و کۆمپانیا چاودێری کارەکانی نەخۆشخانەکە دەکات لە ساتی دەستپێکردن بە دروستکردنی تا ئەو کاتەی یەکەم نەخۆش وەردەگرێت کە بڕیارە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2015دا بێت .

ئێستا ئەم نەخۆشخانە بەناوی Sante Life hospital لە کارکردندایە، تیمیێکی لە پزیشک و کارمەندی تورکی سەرپەرشتی دەکات و دراوەتە کەرتی تایبەت، تەنانەت بەراورد بە نەخۆشخانە تایبەتیەکانیش گرانترین نرخی ھەیە .

ئەم کارە زیانگەیاندنە بە بەرژەوەندی گشتی و خراپبەکارھێنانی دەسەڵاتە، داواکارین سکاڵای یاسایی بجوڵێنن لە پێناو گەڕاندنەوەی ئەم نەخۆشخانە بۆ خزمەتکردنی ئافرەتان و منداڵانی ھەولێر.




ڕیکلام