کۆچبەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 75 ڕۆژە مانی لەخواردن گرتووە

  2020-09-05  | 
ئەسینا
ئەنوەر نیلوفەری ئەو کوردە رۆژهەڵاتییەی زیاتر لە ٧٥ رۆژە لە یۆنان مانی لە خواردن گرتووە
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کۆچبەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 75 رۆژە لەبەردەم نووسینگەی کۆمیسۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ئەسینای یۆنان مانی لەخواردن گرتووە.

ئەنوەر نیلوفەری، خەڵکی شاری مهاباد-ی سەر بەپارێزگای ورمێیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە 23ی مانگی 6ی ئەمساڵەوە لە بەردەم دەرگای سەرەکی نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران مانی لە خواردن گرتووە و دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی داواکارییەکانی لەبارەی پێدانی مافی پەنابەریی و رەوانەکردنی بۆ وڵاتێکی سێیەم نەدراوەتەوە.

ئەو کۆچبەرە نزیکەی 6 ساڵە لە یۆنانە، ئەو پێشتر توانیویەتی خۆی بگەیێنێتە سوید، بەڵام لەوێ لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکراوە و رەوانەی یۆنان کراوەتەوە کە یەکەمجار لەوێ پەنجەمۆری لێوەرگیرابوو.

لەئێستاشدا ئەو کۆچبەرەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، بەردەوام دەبێت لە مانگرتن تاوەکو کێشەکەی چارەسەر دەکرێت.

نیلوفەری لە ساڵی 2017ش بۆ ماوەی 64 رۆژ هەر لەو شوێنە مانی لە خواردن گرت، بەڵام مانگرتنەکەی بێ ئەنجام کۆتاییهات .

ئەنوەر کە خەڵکی گوندێکی مهابادە، لە ساڵی 2005 بۆ خوێندن روویکردە هەرێمی کوردستان و بەشی ئەندازیاری لە زانکۆی سەڵاحەددین تەواو کرد، دواتر لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە نزیک هەولێر دامەزرا .

پێشتریش لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمریکا، ئەنوەر نیلوفەری رایگەیاندبوو،" من لە ساڵی ٢٠٠٥وە لە هەندەرانم، نزیکەی ١٠ ساڵ لە باشوری کوردستان نێشتەجێ بووم، لەوێ ئیشم هەبوو، کارم هەبوو، لە کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی کاری ئەندازیاریم دەکرد، نووسەرم، دوو کتێبم نووسیوە و دوو کتێبی تر لەبەر دەستمدا بوو، ، پرۆژەم هەبوو، خەریک بوو خزمەتم دەکرد، ئیتر لەوێ ژیانی منیان شێواند، ئیقامەتم هەبوو، ئیقامەتەکیان لێ تێکدام، هەوڵی ئەوەم دەدا پاسەپۆرتێک بۆ خۆم وەرگرم نەیانهێشت وئیقامەتیان لێوەرگرتمەوە و بە ئاسایش و بە پولیس و بەملاو ئەولا، ئیدی من چیبکەم، مەجبوریان کردم هەرێمی کوردستان بەجێ بهێڵم، من ئەمویست کێشەی پاسەپۆرتەکەم بە شێوەیەکی یاسایی چارەسەرکەم و بە شێوازێکی یاسایی وەکو مرۆڤێکی خوێندەوار لە رێگای ئێمیگرەیشنەوە بچم بۆ کەنەدا، من بە ئارەزۆێ خۆم هەرێمم جێنەهێشت".

 ئەنوەر نیلوفەری کە دۆستەکانی بە "موهەندیس" ناوی دەبەن، یەکەم کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە کتێبێکی بە زمانی کوردی لەبارەی کۆمپیوتەر بە ناوی «بەیانیت باش کۆمپیوتەرەکەم» نووسیوە.



ڕیکلام