بەهۆی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی گوندی شێخ سەلەی شاری سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان، نزیکەی ٢٠٠ کەس ژەهراوی بوون .
میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە، لەو ڕووداوەدا، ٢٤ منداڵ بەهۆی ڕێژەی زۆری ژەهراوی بوونەکەیان، ڕەوانەی نەخۆشخانەی کرماشان کراون و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان .
محەممەد کرماشانی بەرپرسی نەخۆشخانەی پسپۆڕیی کرماشان لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە، ئەو ٢٤ منداڵە بەهۆی ژەهراویبوونیان تووشی سکچوون و ڕشانەوە بوون و لەژێر چاوەدێری وردی پزیشکیدان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان ژەهراویبوونی دانیشتووانی گوندی شێخ سەلە بەهۆی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەوە بووە و بۆ زانینی وردەکاری زیاتر، چاوەڕێی وڵامی تاقیگەی زانکۆی پزیشکی کرماشانن.
گوندی شێخ سەلە 500 خێزان و زیاتر لە 2 ھەزار و 500 دانیشتووی ھەیە، لە خاڵی سنووریی شاری سەلاسی باوەجانی هەڵکەوتووە لە پاریزگای کرماشان.