‏هۆشیار عەبدوڵا: هاتنی کازمی دەریخست ئاشبەتاڵێکی تر بەڕێوەیە

  2020-09-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، خەڵێکی بێزار و بەشمەینەتی هەرێم بەهۆی ڕزگاربوونی لە سیستمی چەتەگەڕایی بازرگانەکانی کورد، پەنا بۆ سەرابێکی وەک کازمیش دەبات، ئەوەش دەریدەخات کە ئاشبەتاڵێکی تر بەڕێوەیە.

هۆشیار عەبدوڵا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نووسیویەتی "خەڵکی بێزار و بەشمەینەتی هەرێم پەنا بۆ سەرابێکی وەک کازمیش دەبا بەهیوای ئەوەی لە سیستمی چەتەگەرای بازرگانەکانی کوردایەتیی ڕزگاری بێ.بە دڵنیاییەوە هاتنی کازمی ناتوانێ رێگە لە چەتەیی ئەوان بگرێ،لێ هاتنەکەی لانیکەم ئەوەی نیشانی هەمو لایەکدا کە خەڵک چەند لە سیاسیەکانی هەرێم بێزارە ! ".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی دەسەڵاتی چەتەکانی هەرێمی راگرتوە،هاوکێشەیەکی ئیقلیمی و نیودەوڵەتییە کە زۆر کارتێکەری ئابوری،سیاسیی و جوگرافیی تێدایە، تا ئەو هاوکیشەیە نەگۆڕێ ئاسان ناڕۆن، مەگەر ئەو تورەیی و بێزاریەی ئەمڕۆ خەڵک لە هاتنی کازمی نیشانیدا رۆژێک بە ڕوی بەناو سیاسیەکانی هەرێمدا بە توندی بتەقێتەوە .

‏لە کۆتایی وتەکانیدا ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەکرد "سەردانەکەی کازمی دەریخست بەرپرسانی ئیداری هەرێم بە تەواوی لە خەڵک دابڕاون،هەروەک بە زەقیش ئەوەی دەرخست کە شەقامی کوردی هیچ هیوایەکی بە سیاسیەکانی نەماوە، ئەمەش ئاماژیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ یا سبەی ئاشبەتاڵێکی تریان بە خێرایی بەرێوەیە" .



ڕیکلام