لە گوندێکی کەرکوک عەرەبی هاوردە حەوت ماڵی کوردیان داگیرکردووە

  2020-09-12  | 
کەرکوک
لە گوندی پەڵکانەی کەرکوک عەرەبی هاوردە حەوت ماڵی کوردیان داگیرکردووە
ئەرشیڤ
 سۆران عەبدولکەریم
لەگوندی پەڵکانە، عەرەبی هاوردە حەوت ماڵی کوردیان داگیرکردووە و ئەمڕۆش بە ٢٠٠ کەسەوە چونەتە سەر ماڵ وحاڵی کوردنشینەکانی ئەو گوندە .

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە ١٢ی٩ی٢٠٢٠، بەدەیان کەس لەعەرەبی هاوردە و لەهۆزی شممەر داویانەتە سەر دانیشتووانی گوندی پەڵکانەی سەر بەقەزای دوبز لە ڕۆژئاوای کەرکوک و پاش گفتوگۆیەکی زۆر و دەستوەردانی لێپرسراوانی حزبی وحکومی لە ڕووداوەکە، کەمێک پێش ئێستا ئەو عەرەبانە لەگوندەکە کشاونەتەوە.

لەوبارەیەشەوە، لوقمان ڕەحیم هاوڵاتیەکی کوردی دانیشتووی گوندی پەڵکانە بە تۆڕی هەواڵی ژیان-ی ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ نزیکەی ٢٠٠ کەس لەعەرەبی هاوردەی شممەر داویانەتەوەسەر گوندەکەمان کە ئامانجیان داگیرکردن ودەستبەسەرداگرتنی ماڵ و زەوی و زارەکانمان بوو".

ئاماژەی بەوەشکرد، پاش ئەوەی لایەنە فەرمیەکانیان لەو رووداوە ئاگادارکردووەتەوە، ئەو عەرەبانە لەگوندەکە کشاونەتەوە.

وتیشی، "فەوجی موغاویری سەر بەفیرقەی ١٤ی سوپای عێراقی کە پاراستنی ئەمنیەتی سنورەکەی لەئەستۆدایە،  تاڕادەیەک ئاسانکاری بۆ ئەو عەرەبانە دەکەن کە بۆ چەندین جارە دێنەسەرمان و لەبەر بڕیارێکی پێشوتری بازگەکان نەبوایە، ئەو ٢٠٠ کەسە بە چەکەوە دەهاتن، بەڵام ئەمڕۆ چەکیان پێ نەبووە وتەنها هەڕەشەیان کردووە".

ئەو هاوڵاتیە باسی لەوەش کرد، تەنها لەهەفتەی ڕابردوودا عەرەبی هاوردە دەستیان بەسەر دوو خانوی چۆڵکراوی گوندەکەدا گرتووە وپێشتریش پێنج خانوی دیکەیان داگیرکردووە، بەوەش ژمارەی خانووە داکیرکراوەکان بۆ حەوت ماڵ وخانوو بەرزبۆتەوە.



ڕیکلام