ئێران كاری كۆڵبەری لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەكاتە یاسایی

  2020-09-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئێران بڕیاریداوە كاری كۆڵبەری لە ناوچە سنوریەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئازەربایجان رێكبخات و رێگری لە كارەكانی كۆڵبەری نەكرێت و لەبەرامبەردا گومرك وەربگیرێت.

ئەنجومەنی گەشە و ئاسایشی سەقامگیری ئێران، بڕیاریداوە كاری كۆڵبەری لە ناوچە سنوریەكانی وڵاتەكەی ریچك بخات كە هەریەكە لە پارێزگاكانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا و كرماشان و كوردستان (سنە) دەگرێتەوە. 

نادر سادقی، جێگری هەماهەنگی كاروباری ئابووری پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژاوا بە میدیاكانی وڵاتەكەی ڕایگەیاند: ئەنجومەنی گەشە و ئاسایشی سەقامگیری ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای وڵات پڕۆژەیەكی پەسەند كردووە بۆ ئەوەی بە دانانی گومرك هاوردەی كاڵا لە ناوچە سنورییەكان ناسراو بە كۆڵبەری رێكبخرێتەوە. 

ئەو بەرپرسە ئێرانیە راشیگەیاندووە، وا بڕیار دراوە ئیدارەی پارێزگاكان و لیژنەی ناوەندی بەرەنگار بوونەوەی قاچاخی كاڵا و دراو، لە سەر بنەمای بەڕێوە چوونی ئەو پڕۆژە پەسەند كراوە چاودێری ئەو ناوچانە بكەن. 

ئەو پێشئیوابوو كە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژە پەسەندكراوە دەتوانێت بەشێكی بەرچاو لە كێشەی كۆڵبەرەكانی ئەو سێ پارێزگایەی ئێران چارەسەر بكات. 

ئەوەش دوای ئەوەهات كە بەهۆی دۆخی ئابوری لە ئێران دانیشتوانی ناوچەسنوریەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران پەنایان بۆ كاری كۆڵبەری بردووە بەشێكیش لە كارەكانی كۆڵبەری لەو وڵاتە بە یاسایی دەكرێت و حكومەت رێپێدانی كردووە بەڵام بەشێكی دیكەیان وەك قاچاخ مامەڵەی لەگەل دەكرێت. 


ڕیکلام