یاداشتی پرساندنی سەرۆكی حكومەت ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرا

  2020-09-27  | 
دۆسیە:  سەرۆکی حکومەت
 تۆڕی هەواڵی ژیان
یاداشتی پرساندنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی رادەستی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرا و سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ رایگەیاند، بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت لەماوەی هەفتەیەكی دیكەدا لە پەرلەمان ئامادەبن.


لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران رایانگەیاند یاداشتی پرساندنی هەریەكە لە سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی، ئەمڕۆ رادەستی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە. 

ئەوەش دوای ئەوەهات كە پێشتر ئەو یاداشتە لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە رەتكرایەوە، ماوەی چەند رۆژێكیش بوو بەهۆی واژۆ نەكردنی یەك پەرلەمانتار یاداشتەكە دواكەوتبوو، بەڵام بە واژۆكردنی پەرلەمانتارێكی گۆڕان ئەمڕۆ یاداشتەكە رێژەی یاسایی تەواو كرد كە 23 پەرلەمانتار بوون. 

عەبدولستار مەجید وتی، ئەو یاداشتە لەلایەن هەریەكە لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی و نەوەی نوێ و ئازادی و سەربەخۆكان كە هەریەكە لە سیروان بابان و مەم بورهان قانع و دیاری ئەنوەر و لە فراكسیۆنی گۆڕانیش هەریەكە لە عەلی حەمە ساڵح و شایان عەسكەری و شیرین ئەمین واژۆیان كردووە. 

ئەو داوای لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد كە داواكاریەكەی سەرۆكی حكومەت وەك میوانداری كە پەرلەمانتار پرسیاری لێناكات، لەگەڵ یاداشتی پرساندنەكە رێك بخات و كاتی جیاوازیان بۆ دیاری بكات. 

ئەو وتیشی داواكاریەكەیان بە گوێرەی مادەی 69ی پەیڕەوی ناوخۆیە، بۆیە پێویستە سەرۆكایەتی پەرلەمان بەشێوەیەكی گونجاو هەردوو دانیشتنەكە رێك بخات كە دەبێت لە دوای رادەستكردنی یاداشتەكە لە ماوەی هەفتەیەكدا ئەو بەرپرسانەی حكومەت لە پەرلەمان ئامادەبن، ئەگەر هۆكاریشیان هەبێت بۆ دواخستنی تەنها ماوەی مانگێك دەتوانن و دواتر دەبێت ئامادەبن لەبەردەم پەرلەماندا و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران بدەنەوە. 

سەرۆكی حكومەت بە گوێرەی ماددەی 66ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان داوایكردووە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ پەرلەمان ئەنجامبدات، باس لەوەدەكرێت كە ئامانجی پرساندنەكە پوچەڵ دەكاتەوە، لەوبارەیەوە سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ وتی: لەوانەیە ئامانجی داواكاریەكەی سەرۆكی حكومەت ئەوە بێت پرساندنەكە پوچەڵ بكاتەوە، بەڵام لە راستیدا بابەتەكە بۆ دوو مەبەستی جیاوازە. 


ڕیکلام