سەرۆكی هەرێم: ئامادەی هەموو هاوكاریەكین لەگەڵ مستەفا كازمی

  2020-10-01  | 
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و ئامادەیی هەموو هاوكاریەكی دەربڕی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق و دەشڵێت دەبێت هەموو هێزە عێراقیەكان یەك دەستبن.

لەبارەی هێرشە موشەكیەكەی شەوی رابردووی هەولێر، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و تیایدا رایگەیاند: ئەو هێرشە بە دەستدرێژی بۆ سەر خەڵكی هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانەكانی لە شەڕی دژی تیرۆردا دەبینین. 

ئەو وتیشی: دەبێت هەموو هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، هەوڵەكانیان بكەنە یەك بۆ ڕێگرتن لە هەموو كارێكی تێكدەرانەی هەموو گرووپە ئاژاوەگێڕ و تێكدەرەكان.

سەرۆكی هەرێم لەو پەیامەیدا ئەوەشی راگەیاند  "ئەوانەی هێرشی تێكدەرانە ئەنجام دەدەن دوژمنی هەموو عێراقن و دەبێت هەموو هێزە عێراقییەكان بە یەكدەستی بەرەنگاریان ببنەوە و ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە". 

ئەو ئامادەیی خۆشی نیشاندا بە مەبەستی دروستكردنی هەماهەنگیی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق وتیشی "ئامادەی هەموو هاوكاری و پشتگیرییەكین" لەگەڵ مستەفا كازمیدا.


ڕیکلام