خانووی بووکە شیشە

  2020-10-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
یان بۆ چی ژنێک درگاکان دادەخات؟

میوانی دەست پێدەکات، بۆنی دووکەڵی جگەرە و خواردنەوە و دەنگی پێکەنین و لێکدانی پەیک و کاسە و کەوچک و هەرای پیکەنین هەموو ناو هۆڵ و ژوورەکانی گرتۆتەوە. هەوایەک  لە خۆشی و سەرخۆشی، هەورێکی زێڕین لە بەختەوەری و پارە و پێگەی کۆمەڵایەتی داباریوە بە سەر ئەم بنەماڵەیەدا و دەنگی عەشقییان دەگاتە گوێی هەموو ماڵەکانی ئەم شارە. کتوپڕ... لایەنیکی شاراوە،نامەیەکی نهێنی و ڕەشاییەک دەدات لە درگا. میوانی کۆتایی دێت و لە ناوەڕاستی ئەم پارتییەدا ، ژنێک بە جلێکی دیکۆڵتە و نیوەڕوت و لەوپەڕی جوانییدا ڕادەوەستێت و دەزانێ کە کاتی ڕۆیشتنە و کاتی ماڵئاوایی لە هەموو ئەم شکۆ ڕووکەشی و زێڕینە. چی وادەکات ژنێک ئەم ئاسوودەیی و پارە و پێگە جێ بهێڵێت؟ لۆرا ساڵێ‌نێک لەوە پێش بۆ پاراستنی گیانی مێردەکەی تۆرۆوالد لە نەخۆشی و خەرجی دەرمان پارە لە کرۆگستالدی بێ بایەخ وەردەگرێت و لەم ساڵانەدا قەرزەکەی دەداتەوە. مێردەکەی بۆتە بەرپرسی بانک و ئەو پیاوە داوای لێ دەکات یان ئەویش لە بانک دابمەرێنێت یان ئەو ڕازە لای پیاوەکەی دەدرکێنێت. لۆرا چی دەکات؟ 

ئەم جارە لە کافە کاڵ و کۆڵانی تووتی کۆبووینەوە کە شانۆنامەی " خانووی بووکە شیشە" یان " ماڵی بووکۆکە" یان بووکۆکە خانە" نووسینی هێنریک ئیبسەن لێک بدەینەوە. هەموو ئەم سێ ناوە دروستن و ئێوە دەتوانن هەر کامتان پێ خۆشە ئەوە قبووڵ بکەن.

فەرزاد وەک هەمیشە ئان تایم، بە کتێب و نووسراو دەگاتە کافە. قەرەباڵغی هەمیشە ئازاری ده دات بەڵام هیچ ناڵێت. کەژاڵ و هاوسەرەکەی ڕەزا، تووشی کێشە بوون. ڕەزا پێش هاتن بۆ کافە  دەکەوێت و قاچی دەشکێت. ئێستا لە گەچدایە و تا سێ هەفتە دەبێ لە ماڵەوە بمێنێتەوە. سێ هەفتەی ناخۆش کە هەر لە ناو ماڵ و بە دیتنی فیلم و کتێب دەبێ تێپەڕ بێت و جگەرە کێشان و بێ تاقەتی. 

دانیشتنی ئەم هەفتەیە  بە خۆناساندنی شۆڕشه وە دەست پێ دەکات : من شۆڕشم ،کۆمەڵناسیمم خوێندووە و ئەدەبیات، هونەر و سینەما لەو بەشە خۆشەویستانەی ژیانی منن کە ناتوانم چاوپۆشییان لێ بکەم. 

من ئاواتم. یاسام خوێندووە. کاری سەرەکی من هونەر و ئاوازە و هۆگری خوێندنەوە و ناساندنی جیهانەکانیترم. لە کۆمەڵناسییەوە بگرە هەتا مێژوو و ئەدەبیات.  

هەروەها دانیال کە دەڵێت: من دانیالم . هەندەسەم خوێندووە و ئەندازیارم و بەردەوام بەروە لای کۆمەڵناسیی ،فەلسەفە و ئەدەبیات چووم و شەیدای ئەوانەم.

سەرەتای دانیشتن فەرزاد باس لە گرنگایەتی و رۆڵی کاریگەری شانۆنامە خانووی بووکۆکە دەکات و دەڵێ هێشتا و پاش تێپەڕینی ١٤١ ساڵ بەسەر نووسینی ئەم شانۆنامەیە ، هەر ئیجرا دەکرێ و بۆتە باسی نامەی دەرچوونی خوێندکاران و وەردەگێڕدرێتە سەر زمانەکانیتر و پێشوازی لێ دەکرێت. من گەر لە کۆتاییەوە بەرەو سەرەتا دەست پێ بکەم دەبێ بڵێم ئەم کتێبە یان ئەم شانۆنامەیە شەڕی نێوان درۆ و ڕاستییە، حەقیقەت و سێبەری حەقیقەت، تاریکی و ڕۆشنایی .دۆرانت لە کتێبی مانای ژیان چییە؟ ئاماژە بەوە دەکات کە گەورەترین هەڵە ناو مێژوودا ئەوە بووە کە مرۆڤ بە شوێن دۆزینەوەی حەقیقەتەوە بووە. کاتی دۆزینەوەی حەقیقەت ئیتر بەختەوەری لە ئێمە دوور کەوتۆتەوە. لۆرا دوای دەرکەوتنی حەقیقەتە کە هەموو ژیانی دەگۆڕدرێت و بەهاکەی دەدات. هەروەها بوکۆفۆسکی دەڵێت  کە خەڵک باس لەوە دەکەن کە درۆ دەبێتە هۆکاری بەشیکی زۆرلە جیاییەکان بەڵام ڕاستی لەوەدایە کە ئێمە درۆ دەکەین بۆ ئەوەی لای کەسەکان بمێنیەوە.ئیمە مەحکووم بەوەی کە درۆ بکەین هەروەک چۆن مەحکووم بەوەیین کە بژین. لۆرا بەم درۆیە  ژیانی پاراستبوو بەڵام دوای دەرکەوتنی ئیتر ناتوانێت لەم دۆخەدا بمێنێتەوە و بۆ هەمیشە ژیان و ئاسوودەیی ژێان و منداڵ و مێردەکەی جێ دەهێڵێت و دەڕوات. 

ئەردەشێر پێی وایە بۆ چێ دەبێت بە هەر بەهایەک ژیانی هاوبەش بپارێزرێت؟ چی لە شکۆ یان گرناگەیەتی ژیانی هاوبەشدا هەیە کە دەبێ بە هەرموو نرخێک بیکڕین و بیپارێین؟ من کاتێ سەیری فیلمی "سارا " م دەکر کە بەرهەمی دەرهێنەری ئێرانی "داریووش مێهرجوویی" یە دەمبینی کە تا چ ڕادیەک ستراکچێر و هێزی ژیانی هاوبەش زۆرە کە دەتوانێت کەسەکان وەک لۆرا یان سارا لە یەک دەسەڵات و بازنەدا رابگرێت.لێرەدا باسی بایەخ دێتە پێش. ئایا بایەخی ژیانی هاوبەش ئەوەندە هەیە کە کەرامەت و تاکایەتی و وزە و عەشق و داهاتوو و جەستە و رۆحی کەسەکان داگیر بکات و هەمووی بخاتە ناو ماڵیکەوە؟ من پێم وایە نا. خودی داب و نەریتی زەواج و ژیانی هاوبەش ئەوەندە کێشەسازە کە رۆژ لە دوای رۆژ گرفتەکان قورستر بکات. 

فەرهاد پێی وایە کە ئەمە خودی دامەزراوە و نیهادی ژن لە ناو دیسیپلینیکی سەمبۆلیکدا رادەگرێت. لە ناو چینی بورژوا و دەوڵەمەندا ژن بوونەوەرێکە بۆ پاراستن و راگرتنی بارودۆخی هەبوو.عەشق و وەفاش لە خۆیدا مامەلە و دان و ستانیکە. لۆرا لە ناو ناز و نیعمەت و شکۆیەکدا ژیاوە و وەک بووکە شیشە پارێزراوە و لە کۆتاییدا دەڵێ من لەم بوونەم ڕازی نییم. پێوەندی لەگەڵ مێردەکەی، پیاوێک کە قەرزی لێ وەرگرتووە، رفیقەکەی کە لە کۆتاییدا شوو بەو پیاوە دەکات و زۆر شتی دیکە هەموو لە چوار چێوەی پێوەندییەکانی ئەو سیستمە فکری و ئابوورییەدایە. 

دانیال باس لەوە دەکات کە بوورژواکان هەموویان لە ناو خێرێکی گشتییدا دەژین و یەکتر ساپۆرت دەکەن. مێردی لۆرا خەریکە دەبێتە مودیر و بەرپرسی گەورەی بانک، لۆرا لەوەها ژیانیکدا دەژی، کرۆگستالد واتە ئەو پیاوەی کە قەرزی داوە بە لۆرا هاتووە و داوای بەشی خۆی دەکات . دەیهەوێ لەو بانکەدا دابمەرێت و هەڕەشە دەکات کە نهێنی و ڕازی لۆرا لای مێردەکەی باس دەکات. رفیقی لۆراش دەیهەوێ بگاتە بەرژەوەندی خۆی. هەموویان لەسەر خێر و خۆشی هاوبەش رێ کەتوون .ین

سۆهەیلا کەسایەتی لۆرای بە دڵە و لەسەرەتاوە و دەڵێ وەک بولبول خەریکە دەچریکێنێت و خەریکی گۆڕینی دیکۆراسیۆنی ماڵەکەیەتی. بۆچی؟ چونکە مێردەکەی بۆتە مدیرعام و ژیانییان گۆڕاوە. کتوپڕ پیاوێک  کە لۆرا لێی دەترسێت دێتە ناو ماڵەکەوە . دەڵێ هەموو شتەکان دیارە و من تۆ دەبینم. چوونکە ساڵانیک لەوە پێش لۆرا قەرزی لەم پیاوە وەرگرتووە ئەویش دەڵێت ئەگەر من نەکەی بە کارمەندی بانکئ مێردەکەت ،منیش باسی ئەو نهێنییە دەکەم. لۆرا نازانێت دەبێ چ بکات. مێردەکەی وەک بووکە شیشە بەخێوی کردووە . بانگی دەکات چۆلەکەی من، بووکۆکە، جووجەڵه ،باڵندە دەنگ خۆشەکەم. کاتێک لە کۆتایی شانۆنامەدا  رازەکە ئاشکرا دەبێت ئەمە هەرم ئەم پیاوەیە کە لە یەک چرکەدا هەموو شتەکان لە بیر دەکات و بە سووکترین ئاوەڵناوەکان بانگی لۆرا دەکات و لێی هەڵدەگەرێتەوە. پێی دەڵێ تۆ شیاوی بەخێوکردنی منداڵەکانم نییت،وەک باوکت بێ ئەخلاقی. تۆ هیچ و پووچی. لۆرا بەڵێن دەدات وەها ژیانیک بە جێ بهێڵێت و کاتێ کابرای ساحەب قەرز دەچێتە دەرەوە ، مێردی لۆرا شاگەشکە دەبێت . دەڵێ وەرە لۆرا ئازیزەکەم ئێمە نەجاتمان بوو . بەڵام لۆرا ئیتر هیچ لەو ژیانەدا نادۆزێتەوە. من لەسەر ئەو باوەڕەم کە لۆرا زۆر زیرەکە و نیشانە و سەمبۆلی شۆڕشی ژنە و ئەو پەڕی ئازایەتی نیشان دەدات. 

رەئوف هاوسەری سۆهەیلایە . دەڵێت : من بەش بە حالێ خۆم هەرگی حەز ناکەم کەسێک بێت و لەبەر من و تەنانەت ژیان و پاراستنی من نهێنییەکەم لێ بشارێتەوە. ئەویش لەگەڵ پیاوێکدا. ژیانی تاکی من بایەخی ئەوەی نییە ژنەکەم بکەوێتە خەفەت وداپۆشان و ڕەنجەوە. 

فەرهاد باس لەوە دەکات کە ئەمە نهێنی نییە. سەرانسەری ژیانی هاوبەش پڕە لەم نهێنییانە و بەردەوام بۆ پاراستنیشی ژمارەی نهێنییەکان زیاتر دەبێت. بەردەوام نووسەران پێشاهەنگی هەموو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بوون . ئەم شانۆنامەیەش لە سەدەی ١٩ دا نووسراوە و بانگەوازی گۆڕانکاریی دەکات. بەداخەوەم کە هێشتا و لە ٢٠٢٠ دا ئێمە لە مسۆگەر کردنی سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ و بە تایبەت مافی ژناندایین .ژمارەی کەسایەتییەکانی ماڵی بووکەشیشە کەمە بەڵام ئەمە خاڵی پۆزەتیڤە چوونکە ئینی ئەوەمان پێ دەبەخشێت کە هەموویان باش بناسین.
ئاوات پێی وایە کە هەر کام لە کەسایەتییەکان خۆیان بووکۆکەیەکن و هەموو ژیانییان شانۆیە. من پێم وایە کە باس لە یەکسانی ماف و شێوە ژیانی لۆرا یان هاوسەرەکەی نییە بەڵکوو ئەمە  دانان و ڕاگرتنی هەر کام لەوانە لە ناو بارەدۆخیکی یەکسان دایە کە نیشانمان دەدات حەقیقەت لای کامیانە و کێیە کە ڕاست دەڵێت. 

بابەک دەڵێت کە ئەمە سوننەت و ڕەوتێکی مێژووییە کە لە ناو ئەدەبیاتی داستانی و ناو هونەری ئیمەدا سەقامگرتووە .ئەویش بەرزکردنەوەی ئەو کلیشانەیە کە پیاو لە سەرتر و لە باڵادەستی ژن دادەنێت و رەگ و ڕیشەی لە هەموو شوێنێکدا داکووتاوە. چەندین سەدە بەم شێوەیە هاتووە و لە ئێستادایە کە ئەم نیگا دەسەڵێ‌تدارە تێک دەشکێت. من گەش بینم بەوەی کە ئیتر کلیشەکان بوونیان نەبێت و کۆدەنگی و گشت دەنگی لە ناو پانتای ئەدەبیات و کۆمەڵگە دا زاڵ بێت. 

موژدە باس لەوە دەکات کە ئەم شانۆنامەیە و خوێندنەوەی بەشێکی زۆر لە ئەدەبیات ئەوەمان پیشان دەدات کە نیاگیەکی پڕ لە ڕق و کینە بەرامبەر بە ژن بوونی هەیە. وەها وێنا دەکرێت کە ژنان خاوەنی ئاستێکی نزمتر لە ژۆش و دەسەڵێ‌ت و وزەی کۆمەڵایەتی و ئابووریین. زۆر جار لۆرا وا نیشان دەدرێت کە بێجگە لە جل و بەرگ و میوانی و باسی منداڵ هیچ شتێکیتری نییە بۆ باس کردن .کاتێک پیاوێک لە باری کار و پیشەوە سەردەکەوێت ئەمە بە مافی خۆی دەزانن و لە بەرژەوەندی بنەماڵەدایە بەڵێ‌م هەر جۆترە پێشکەوتنێکی ژنان بە ژانەسەر و گرفتێک تماشا دەکرێت. بەڵێ منیش هاوڕای سوهەیلام کە دەڵێ مێردی لۆرا بە چۆلەکە و بووکۆکە بانگی دەکات تا کاتێک کە بەتەواوەتی موڵکی بنەماڵەیە بەڵام هەر کە دەرباز دەبێت، ئیتر خراپکارە.  ژنان خوازیاری نیاگای مرۆیین چ لە ناو شانۆنامەکاندا و چ لە پانتای حەقیقییدا. 

د.خالید بە گشتی و هەروەک چۆن لە زۆربەی دانیشتنەکاندا نیشانی داوە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ژیانی ژنان لە هەموو سەردەمەکاندا و بەتایبەت لە ئێستادا پارێزراو بووە و ئەوان گرفتی بنەڕەتییان نییە. ئاسودەییان مسۆگەرە و ۆربەی بوارەکانی ژیان و هونەر بۆ ئەوان تەرخان کراوە. خێزان پێکهاتەیەکی کۆمەڵێ‌یەتی و خاوەنی زوڵم و دەسەڵێ‌تی تایبەتی خۆیەتی بەڵێ‌م براوەی ئەم دیسیپلینی خێزانە هەر ژنەکانن. 

باسی ماڵی بووکەشیشە زۆر درێژە دەکێشێت و بڕیاردان لە نێوان حەق و ناحەق، بەرژەوەندی و ئەخلاق، رۆیشتنی لۆرا یان مانەوەی لە ناو ئەو خێزانەدا زۆر ئەستەمە و کەس ناتوانێت قەناعەت بە ئەویدی بهێنێت کە یەک ڕەوایەتمان لەو شانۆنامەیە هەیە و بەس.                 


ڕیکلام