قوباد تاڵەبانی: به‌پشتگیری‌ هه‌ردوو برای‌ هاوسه‌رۆكم روبه‌ڕووی‌ ڕێگره‌كان ده‌بینه‌وه‌

  2020-10-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رەتیدەكاتەوە هیچ بەریەككەوتنێكی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی هەبێت و دەشڵێت لە داهاتوو لە داهاتووشدا بە پشتگیری هەردوو برای هاوسە‌رۆكم ڕوبەڕووی هەموو ئەوانە دەبینەوە كە رێگرن لە كارەكانمان.


قوباد تاڵەبانی، روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە و تیایدا دەڵێت: هەندێك دەیانەوێت بە خەیاڵی خاوی خۆیان وا نیشان بدەن بەریەككەوتن هەیە لەنێوان من و شێخ لاهوری هاوسەرۆك و برا و هاوڕێمدا. 

ئەو روتیدەكاتەوە هیچ ئاڵۆزیەك لە نێوانیاندا هەبێت و دەڵێت: پێشتریش وتوومە و ئێستاش دووپاتی دەكەمەوە كە؛ ئێمە سێ براین و هیچ هێزێك نییە بتوانێت رۆژێك لە رۆژان درز بخاتە نێوان برایەتیمانەوە.

ئەوەش دوای ئەوەهات كە لە ساڵیادی كۆچی دوایی مام جەلال تاڵەبانی، یەكەمین سەرۆك كۆماری كوردی عێراق، قوباد تاڵەبانی وتی: هەندێك خەڵكی پیسخۆر دەیانەوێت ئاستەنگ بۆ كارەكانم دروست بكەن. 

تاڵەبانی وتوشیەتی "لە داهاتووشدا بە پشتگیری هەردوو برای هاوسە‌رۆكم ڕوبەڕووی هەموو ئەوانە دەبینەوە كە رێگرن لەبەردەم جێبەجێكردنی ئەرك و پلانەكانمان لەناو حكومەت و پلان و ستراتیژەكانمان لەناو یەكێتی".

دەقی روونكردنەوەكە: 

بۆ خەیاڵ خاوەكان

ماوەیەكە هەندێك پەیج و سۆشیال میدیای ئاراستەكراو بە لێكدانەوەی چەوت بۆ وتەیەكی من كە بۆ یادی سێ ساڵەی كۆچی دوایی باوكم نووسیبووم، دەیانەوێت بە خەیاڵی خاوی خۆیان وا نیشان بدەن بەریەككەوتن هەیە لەنێوان من و شێخ لاهوری هاوسەرۆك و برا و هاوڕێمدا.

پێشتریش وتوومە و ئێستاش دووپاتی دەكەمەوە كە؛ ئێمە سێ براین و هیچ هێزێك نییە بتوانێت رۆژێك لە رۆژان درز بخاتە نێوان برایەتیمانەوە. بە دڵنیاییەوە لە داهاتووشدا بە پشتگیری هەردوو برای هاوسە‌رۆكم ڕوبەڕووی هەموو ئەوانە دەبینەوە كە رێگرن لەبەردەم جێبەجێكردنی ئەرك و پلانەكانمان لەناو حكومەت و پلان و ستراتیژەكانمان لەناو یەكێتی.


ڕیکلام