عارف تەیفور: لە هەولێر و دهۆک هەموو کەس ئازادە

  2020-10-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە ڕایگەیاند وەک پارتی لە سلێمانی نە دەسەڵاتن نە ئۆپۆزسیۆن، تەنانەت دەسەڵاتی جێگۆڕکێی کارمەندێکیان نیە.

عارف تەیفور لە بەرنامەی 15 خولەکی (تۆڕی هەواڵی ژیان)دا کە ئەمشەو کاتژمێر نۆ بڵاودەکرێتەوە ڕاشیگەیاندوە یەکێتی لە سلێمانی ئیرهابی فیکری دروستکردوە بەڵام لە هەولێر و دهۆک هەموو کەس ئازادی هەیە.

دەشڵێت ئەوانەی لە هەولێر دەستگیرکراون هانی خۆپیشاندان و سوتاندنی ماڵی دەوڵەتییان داوە و ویستویانە تەفرەقە دروستبکەن، کە ئەوەش لە سنوری دەسەڵاتی پارتیدا رێگەی پێ نادرێت.

سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە ئاشکراشی دەکات هێزێکی تازە دامەزراوی ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێت بێنە ناو پارتییەوە و لە گفتوگۆدان لەگەڵیاندا، ناوی هێزەکەی ئاشكرا نەکرد،بەڵام وتی هێزێکی ئۆپزسیۆنی بچوکە و لە سلێمانی دروستبووە.

هاوکات سەبارەت بە کۆنگرەی چواردەی پارتی عارف تەیفور ئاشكرایکرد کۆنگرە بۆ ساڵی داهاتوو دواخراوە و بۆچونی هەموو سەرکردایەتیش ئەوەیە ماڵی مەلا مستەفا لە سەرۆکایەتی پارتیدا بمێننەوە.

هەروەها سەبارەت بەبوونی پەکەکە لەبەشێك لەناوچە سنورییەکانی هەرێم عارف تەیفور دەڵێت دەمێکە پەکەکە شایەنی ئەوەیە شەڕی لە دژ بکەین و زۆربەی سەرکردەکانمان بەغەدری دەزانن کە دەریان ناکەین لە کوردستان.

وتیشی کاک مەسعود ناهێڵێت ئەگینا دەبوو هەرزوو بەخۆشی بێت یان ناخۆشی پەکەکەمان دەرکردایە چونکە ئەگەر پەکەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت ڕەنگە تورکیا بێتە شنگالیش.


ڕیکلام