چەند بڕیارێک لەبارەی خۆپیشاندانی سبەینێی بەغداوە درا

  2020-10-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ئەمڕۆ چەند بڕیارێکی دەرکرد سەبارەت بە خۆپیشاندانەکەی سبەینێ کە بڕیارە لە بەغدا ساز بکرێت، بە بۆنەی ساڵیادی دەستپێکردنی یەکەم ڕۆژی خۆپیشاندانە فراوانەکەی بەغدا لە ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەم.

یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیدا کۆمەڵێک بڕیار دراوە سەبارەت بە دۆسیەی خۆپیشاندانەکان.

ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لە ڕێزگرتنی خۆپیشاندەران و دڵنیایی دان لە سەلامەتییان، جگە لەوەش یاسای خۆپیشاندانەکان بە دەق باس لەوە دەکات، هەموو خۆپیشاندانێک پێویستی بە رەزامەندی ئەمنی هەیە.

بە گوێرەی بەیاننامەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، گرنگترین شت لە دۆسیەی خۆپیشاندانەکاندا ئەوەیە کە چۆن بەڕێوە ببرێت و پارێزگاری بکرێت لە ئاشتیخوازی خۆپیشاندانەکان بە بێ هیچ زیانێک.

جەختیشیکردەوە کازمی هەموو لایەکی ڕاسپاردووە بە پارێزگاریکردن لەسەر سەلامەتی خۆپیشاندەران و مامەڵەکردن لە گەڵیاندا بەو پەڕی ڕێزگرتنەوە.

داواش لە خۆپیشاندەران کراوە پابەند بن بە شوێنی ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکانەوە وەک گۆڕەپانی تەحریر، چونکە ئەنجامدانی لە ناوچەکانی تر لە بەرژەوەندی هیچ کەسێک نییە.

هەروەها جەختکراوەتەوە لەوەی بەوپەڕی توندییەوە ڕوبەڕووی ئەو کەسانە دەبنەوە کە دەیانەوێت خۆپیشاندانەکان بۆ کاری تێکدەرانە بەکار بهێنن، هەر کەسێکیش هێرش بکاتە سەر هیزە ئەمنییەکان بە توندی ڕوبەڕوی دەبنەوە .

کازمی هەموو هێزە ئەمنییەکانی ڕاسپاردووە بە هیچ شێوەیەک چەکی ئاگرین بە هەموو شێوەکانییەوە بەکار نەهێنرێت و داواش لە خۆپیشاندەران کراوە خۆیان تووشی بەریەککەوتن نەکەن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا، چونکە بوونی ئەوو هێزانە بۆ بەرژەوەندی و پاراستنی ئەوانە.

ساڵی ڕابردوو لە ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەمدا خۆپیشاندانی فراوان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق بەڕێوە چوو، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک توندوتیژی لێکەوتەوە و بوووە هۆی کوژرانی نزیکەی ٥٠٠ خۆپیشاندەر و برینداربوونی سەدانی تر.



ڕیکلام