جەلال مەلەکشا شاعیر و نووسەری ناوداری کورد کۆچی دواییکرد

  2020-10-31  | 
ڕۆژهەڵاتی کوردستان
جەلال مەلەکشا شاعیر و نووسەری ناوداری کورد کۆچی دواییکرد
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جەلال مەلەکشا شاعیر و نووسەری ناوداری رۆژهەڵاتی کوردستان لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا بە نەخۆشی کۆچی دواییکرد.

جه‌لال مه‌له‌كشا ساڵی ١٩٥١ لە گوندی مەلەکشای سەربە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە و هه‌ر لە منداڵییەوە هۆگری شیعر و نووسین بووە.

جەلال مەلەکشا سه‌ره‌تای كاره‌ هونه‌رییه‌كانی بە نووسینی شیعر، په‌خشان و چیرۆکی فارسی ده‌ستپێكرد، مەلەکشا لەبەر ھێز و پێزی لە نووسیندا بەبێ ئەوەی کتێبی چاپکراوەی ببێ، بووەتە ئەندامی (کانوونی نووسەرانی ئێران). لەو کاتەدا زۆرێک لە شاعیر و نووسەرانی گەورەی ئێرانی ئەندامی کانوون بوون، وەک ئەخەوانی سالس، ئەحمەدی شاملوو، جەلالی ئالی ئەحمەد، مەحموود ئیعتمادزادە و هۆشەنگ گوڵشیری.

دوای ساڵی 1979 جەلال مەلەکشا بە کوردی بەرهەمە ئەدەبییەکانی نووسیوون. بۆ ماوەی 15 ساڵ وەکو نووسەر و رۆژنامەوان دەبێتە ئەندامی گۆڤاری سروە و پەرە بە زمان و ئەدەبی کوردی دەدات.

شیعرەکانی مەلەکشا بۆ چەندین زمان لەوانەش، فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی و سوێدی وەرگێڕدراون.

ماوەی چەند ساڵێک بوو جەلال مەلەکشا بەهۆی هەڵکشانی تەمەنی و نەخۆشی خانەنشین بوو، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٣١ی١٠ی٢٠٢٠، لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا بە جەڵتەی دڵ لە شاری سنە کۆچی دواییکرد.

نموونەیەک لە شیعرەکانی مەلەکشا:

ئاخۆ دەبێ

ئەو رۆژە بێ

کاوەی کوڕم

جانتای سەفەر کاتە شانی

دەڵاڵانی بەر گا‌راژی

شاری سنە هاوار بکەن:

"سلێمانی ... سلێمانی!"



ڕیکلام