لە ئێران هۆشداری لە ڕوودانی کارەساتی مرۆیی دەدرێت

  2020-11-01  | 
تاران
لە ئێران هۆشداری لە ڕوودانی کارەساتی مرۆیی دەدرێت
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئاماری گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، جارێکی دیکە ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد و بەرپرسانی ئەو وڵاتەش هۆشداری لە روودانی کارەساتی مرۆیی لە مانگی داهاتوو دەدەن.

سیما سادات لاری وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا حەوت هەزار و ٧١٩ حاڵەتی دیکەی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراون و بەوەش کۆی گشتی توشبووانی کۆرۆنا لە وڵاتەکە گەیشتووەتە ٦٢٠ هەزار و ٤٢١ کەس.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەو ماوەیەدا ٤٣٤ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران گیانیان لەدەستداوە و کۆی گشتی ئەو کەسانەی تاوەکو ئەمڕۆ بە ڤایرۆسە گیانیان لەدەستداوە، بۆ ٣٥ هەزار و ٢٩٨ کەس بەرزبووەتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ئاشکراشیکرد، لەو کەسانەی کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا تووشی کۆرۆنا بوون، دوو هەزار و ٣٨٩ کەسیان لە نەخۆشخانە خەوێندراون و لە ئێستاشدا باری تەندروستی پێنج هەزار و ٢٤٤ توشبووی کۆرۆنا ناجێگیرە و لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدان.

جەختی لەوەشکردەوە، بەپێی بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو توشبووانەی کە لە نەخۆشخانە خەوێندراون، پێشبینی دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئامارێکی مەترسیدار و دڵتەزێن لە قوربانیانی کۆرۆنا تۆمار بکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەو ئامارانەی کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی ئێرانەوە بڵاودەکڕێنەوە، بەردەوام جێی گومانن و هەندێک لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە پێیانوایە ئاماری ورد و راستیی توشبووان و قوربانیانی کۆرۆنا چوار هێندەی ئەو ئامارەیە کە ڕۆژانە وەزارەتی تەندروستی ئێران بڵاویدەکاتەوە.

لای خۆشیەوە موحسن هاشمی سەرۆکی شورای شاری تاران رایگەیاند، گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا، ئامارەکانی مردنی بەراورد بە ساڵی رابردوو بە ڕێژەی ١٠٠%  بەرزکردووەتەوە و ئەگەر بڕیارێکی کاریگەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەدرێت، لە مانگی داهاتوودا کارەساتێکی مرۆیی روودەدات.



ڕیکلام