تەرزە جاف بۆ ژیان: هەموو شیعرەکانم بە چرکەیەک خۆشیی ژیان ئەگۆڕمەوە

  2021-03-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سازدانی: داستان

کەم لەو خانمانەی لە بواری نووسین بە گشتی و شیعر بە تەیبەتیدا کار دەکەن بەرهەمەکانیان لە ئاستێکی باشدا دەمێننەوە و بەر گەردی قەرەباڵغی و فریوی میدیاکان ناکەون، بەڵام کە هەشن بە چەشنێکی باش و بە ئاستێکی بەرزەوە دەمێننەوە، لەو نێوەندەدا تەرزە جاف)ی شاعیر نمونەیەکی بەرچاوی خانمانی شاعیرە بە ئاستێکی تایبەت بە خۆی ماوەتەوە و دەستبەرداری بەهای ڕاستەقینەی شیعر نەبووە، لە پای ئەوەدا لەم دەرفەتەی تۆڕی هەواڵی ژیاندا ئەو شاعیرە دەدوێنین:

ژیان: تۆ شاعیریت (شاعیربوون لە هەموو پنتەکانى ژیان)دایاخود تەنیا شیعر دەنووسیت؟

پرسیارەکە بوارێکی کەمم بۆ دەهێڵێتەوە بۆ وەڵامدانەوە ، تەنها دوو هەڵبژاردەیە و هەرچەندە پێموایە لە نێوان ئەو دوو هەڵبژاردەیە شتگەلی زۆر هەن بۆ وتن بەڵام : شاعیربوون لایەنێکی منە کە ناتوانم لەدەستی راکەم و خۆم بشارمەوە بەڵام لە هەمان کاتیشدا خۆمی لێ دەپارێزم نەوەکو سەرم بە فەتارەتێکدا بدات، ژیانی شاعیرانە دوورکەوتنەوەیە لە لۆژیک .

من زۆر بە حەزەرەوە ، وەک شووشەیەکی تەنک دەست بۆ ئەو پارچانەی رۆحم دەبەم  کە ئەو "شاعیربوون"ە خەبەردەکەنەوە تیامدا و لە خۆم ئەترسم لەدەستی خۆم دەرچم، من لە زۆر لایەنی ژیانمدا وەکو دایکێک وام بۆ خۆم ، هەندێک جار زۆر میهرەبان و بهەندێکیش دایکێکی دڵرەق کە تیتکی کچەکەی دەگرێت و دەیخاتەوە سەر ڕێگا ڕاستەکە !

کەواتە:

نەخێر ،من لە هەموو پنتێکی ژیانما شاعیر نیم ، شیعیربوون ئەو برینەیە کە دەکولێتەوە ئەو لایەنەیە کە ئەگەر نەبوایە باشتر بوو، بەڵام هەیە ، هەندێک جار وەک دوومەڵێک دەیبینم هەر دەتەقێ و سەرهەڵدەداتەوە و ڕەگ و بێخەکەی هەر ماوە . شیعر عەشقێکی حەرامە و گوناحم پێ ئەکات ، ، هەر وەکو دوومەڵەکەی باسم کرد چێژی تەقینی دوومەڵێکی هەیە ،

من دایکێکی جدیم ، لە بواری پەروەردە بە عەشقەوە کاردەکەم و دەمەوێت بە جدی گۆڕانکاری بکەم ، قوربانیی نادەم و نەمداوە بۆ شیعر، ژیان ئەوە دەهێنێت کە بۆی بژین ، شیعریش ئەوە ناهێنێت بۆی بمرین.

ڕێگای شیعر ڕێگایەکی لێژ و ڕکە خۆمی بدەمە دەست سەراوسەو ئەمخاتە خوارەوە ، من پێویستە بەرچاوم ڕوون بێت تا بتوانم ئەرکە قورسەکانی ژیانم بەجێبهێنم ، دایکی تاکباڵ نەک تەنها لێرە لە هەموو جیهاندا باری قورسە ، بۆ من دەیان و لەوانەیە سەدان قات قورستر بوو ،

من بە ناچاری شاعیرم.

بەڵام شاعیرم ، شاعیرم و کە شیعر دەنووسم لە رۆحمەوە هەڵدەقوڵێ و بە تەوسەوە دەنووسم وباشیش دەزانم لە چ ئاستێکدایە نووسینم.

ژیان: وەک ئاگادارین شیعر کەم دەنووسیت و ژمارەى کتێبە چاپکراوەکانیش لە بوارى شیعردا کەمن، هۆکارى ئەمە چییە؟

تەرزە جاف: شیعر کەم نانووسم ، کەم بڵاو دەکەمەوە ، شیعر بە دانە و بست و بڕ نیە ، ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ ڕابردوو دڵڕەقانە زۆربەی شیعرەکان فڕێ دەدەم و تەنها چەند دانەیەیان دەهێڵمەوە و هێشتاش نیوەی زیاد دەبێت .

لە کتێبی دووهەمم هەر زوو پەشیمان بوومەوە  و ویستم بڵاوکردنەوەی ڕابگرم، بەڵام ئەو لایەنەی چاپی دەکرد قبوڵیان نەکرد و هەر بڵاویان کردەوە ، شاعیرەکان تەنها دەقێک دوان چوار چووزانم هەرچەندێکی زۆر تایبەتیان هەیە ، عاقڵ ئەوەیە خۆی ئەو هەڵبژاردەیە بکات پێش ئەوەی بگاتە بەرچاوی خوێنەر ، ئەوەی بڵاوم کردۆتەوە زۆرە و لە نیوەی پەشیمانم ، هەندێکی هەستی شەوێکە و سادە و کاڵ و کرچە ، بەڵام هەندێکیشیان رۆحم لەگەڵی هەزار جار دەرچوە و هاتۆتەوە.

ژیان: لە نێوان شیعرێکى باش و ژیانێکى باشدا کامیان هەڵدەبژێریت؟

تەرزە جاف: لە نێوان شیعرێکی باش و ژیانێکی باش؟ هەموو شیعرەکانم بە چرکەیەک خۆشیی ژیان ئەگۆڕمەوە ، ژیان خۆی شیعرە لەخەوهەستانی بەیانیان و دەنگی کەوچک لە تێکدانی پیاڵەی چا و بۆنی قاوە و پێکەنین و باوەشی مناڵ و هەزاران وردە شتی ژیان..هیچ مەجالی بەراورد نییە.

ژیان: شیعرى کامە لە شاعیرانى کورد و بیانى کایگەرییان لەسەرت هەیە و تەنانەت ڕوویداوە شیعرەکانى ئەوان ببنە هۆکارى نوسینى شیعر لەلاى تۆ؟

تەرزە جاف: سەبارەت بە شاعیرانی تر من لام وایە ئەگەر کەسێک لە گوندێکی دوور لە هەموو دنیاوە شیعر بنووسێت لەوانەیە جوانتر بنووسێت، کاریگەریەکان کاڵمان دەکەنەوە و هەموو شاعیرێک تا کاریگەریی لەسەر نەبێت زیاتر خۆڕسک و تایبەت دەبێت.

بۆیە نەخێر خۆم لە کاریگەریی پاراستوە و هەر واش دەمێنمەوە.

*ژیان: کەسانێک هەن لە پاش نەوەى ئێوەوە دەستیان داوەتەوە شیعر نووسین کامانەیان وزەى ئەوەیان تێدا دەبینیت ببنە شاعیرى تەواو و بەردەوام بن؟

تەرزە جاف: من ناڵێم کێ شاعیری باشە ئەزانی بۆ؟

چونکە ئەو وەڵامە دەبێتە ستایش بۆ شاعیرەکە و بە هەڵە لێم تێدەگەن ، ئاساییە ئەگەر بڵێم فڵان کەس شاعیری باشە بەڵام بێز لە ئەخلاقی دەکەمەوە و تەحەمولی سڵاوێکی ناکەم ؟١

ئاخر دەق شتێکە و نوسەری دەق شتێکی تر

شاعیر، ئەگەر بەتوانا ببێت لەبەر ئەوە نیە کە پیاو یاخود ژنی چاکە

من نزیکترین هاوڕێم ژنە و شاعیرە ...بەڵام کەم جار باسی شیعر دەکەین ، چونکە قسە و باسی ترمان زۆرە و ناپەرژێینە سەر شیعر!

شاعیریش هەن بە ژن و پیاوەوە لە فەیسبوک و ژیانی کۆمەڵایەتیم بلۆکن بەڵام بە شاعیری باشیان دەزانم

لە گەورەترین شاعیرەکانەوە دەست پێ بکەین ،

مەرج نیە شاعیرەکان مرۆڤگەلی باش بن

ئەگەر شیعری کەسێکم بەدڵ بو و سەرسام بوم بە تێکستەکانی قەت مانای ئەوە نیە ئامادە بم یەک خولەک لە کاتی خۆم بدەم بە شاعیرەکە ، بە ژن و پیاوەوە.

*ژیان: بۆچى زۆر کەم وەک شاعیر دەردەکەویت لەبەرامبەردا زۆرجار وەک وەروەردەناس یاخود میدیاکار دەبینرێیت؟

تەرزە جاف: شاعیربوون و تەرخانکردنی ژیان بۆ شاعیربوون پێویستی بە رەفاهیەتە ، بەو پێیەی لەم وڵاتەی ئێمە نووسین ، بە تایبەتی ئەدەبیات هەرزانفرۆشکراون و بە سیستەم هیچ سەنگێک نەهێڵراوەتەوە بۆ شیعر ، بۆ مەسەلەی میدیاکار ، من میدیاکار نیم و نەبووم ، من پێویستیم بە ئیش بوە، پێویستم بەوە بوە پارەم هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی خۆم و مناڵەکانم بە سەربەرزی و بەرنامەیەکم پێشکەش کردوە و ئەوە تەنها کار بوە ، بەڵام قەت حەزم لە کاری میدیا نیە ، کە لە مەجلیسێکدا کەسێک ستایشی بەرنامەکەمی کردوە خواخوام بوە ئەوانیتر گوێیان لێ نەبێت ، ئەگەر لە کاری میدیایی بەردەوام بوومایە وەکو شاعیر و وەکو پەروەردەکار دەسرڕامەوە و وەکو میدیاکاریش نەمدەتوانی بەردەوام بم، چونکە کار کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە عەشقێکی لە دواوە بێت ، تا ئێستاش زۆربەی بەرنامەکانی خۆمم نەدیوە ئەگەرچی تا توانیومە بە جدی کارم بۆ کردوە و ستافێکی چاکیشم لەگەڵ بوە و بەرنامەکەش سەرکەوتوو بوو، بەڵام کاسپی بوو ئیتر.

ژیان: لە نێوان ئەو کایانەى کاریان تێدا دەکەیت کامیان کارى بنچینەیی تۆیە و هەست دەکەین بۆ خوڵقاویت؟

تەرزە جاف: من لەناو پەروەردە کاردەکەم و چێژ لە ئیشکردن لەو بوارە دەبینم ، ئێستاش خەریکم ئەو خەونەم بهێنمە دی کە بیستوپێنج ساڵە عەزابم دەدات و گەڕاومەتەوە بۆ خوێندن و قوتابی خوێندنی باڵام ، بەقەدەر هەموو دنیا دڵم بە دووبارە گەڕانەوەم بۆ زانکۆ وەک قوتابیەک خۆشە و چێژی لێ دەبینم .

بەداخەوە هەروەک چۆن هەموو کایەکانی تر حیزبە دەسەڵاتدارەکان دەستیان بەسەردا گرتوە شیعریش هەمان شتە ، لە زانکۆ بووم لە ماوەیەکی نزیک لەیەکدا  چوومە دوو کۆڕی شیعر کە بۆ دوو شاعیری بەتوانا سازکرابون، وابزانم ساڵی ١٩٩٣ بو هۆڵی میدیا بەرنەدەکەوت بۆ یەکێکیان و کامێرا و تیڤی و دنیا ڕژابوونە هۆڵی میدیا،  لەولاشەوە یەکێتی نووسەران کۆڕی شاعیرەکەی تری ڕێکخستبوو لە هۆڵێکی بچووکدا کە شوێنی دانیشتنی ئامادەبوان بە زەحمەت دەبۆیەوە ، ئەمە هیچ مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ئەمیان باشترە لەوی تر بەڵام ئەوە دەگەیەنێت کە یەکێکیان حیزبیە و ئەویتر بێلایەن ،

خۆسەپاندن و کۆڕ و حیزب لەپشتبوون و پەیوەندیی زۆر و دۆستایەتی و دڵداری و سێکس و خۆبردنە پێشەوە لە سیاسەتدا جێ دەگرێت بەڵام لە شیعردا بلقی سەر ئاوە و کاتیە.

شیعر مەجالی مونافەسە و پێشبڕکێ و کورسی داگیرکردن نیە ، کەی رەخنەگری جدی هەبوو و هات لێکۆڵینەوەی وردی بۆ شیعر کرد ئەوکاتە شیعرەکان شەنوکەو دەکرێن و باش و خراپ هەرزان و سەنگین جیا دەکرێنەوە و لەوانەش گرنگتر شاعیر لە شیعر جیادەکرێتەوە کە ئەوەش زۆر گرنگە ،



ڕیکلام