ڕۆمانی خانی شابەندەر بڵاودەکرێتەوە

  2021-03-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نوێترین کاری وەرگێڕانی ڕەنجدەر جەبار، ڕۆمانێکە بە ناوی (خانی شابەندەر) لە دووتوێی ١٩٦ لاپەڕەدا لە لایەن ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند بڵاو دەکرێتەوە.

نووسەر و نیگارکێشی عێراقی (محەمەد حەییاوی) لەم ڕۆمانەدا سەرگوزشتەی ڕۆژنامەنووسێکی عێراقی (عەلی) بە شێوەیەکی فەنتازی دەگێڕێتەوە، پاش داگیرکردنی عێراق و دوای دابڕانی بۆ ماوەی زیاتر لە بیست و پێنج ساڵ سەردانی بەغداد دەکات، بۆی دەردەکەوێت سیما و ئاکاری خەڵک بە هیچ جۆرێک وەک ئەوە نەماوە، کە بەجێی هێشتووە. لەوێ تووشی مرۆڤگەلێک دەبێت مردوون و لە لەشێکی زیندوودا، یان زیندوون و لە گیانێکی مردوودا. مرۆڤگەلێک بێ ڕابردوو، بێ یادەوەری، بێ داهاتوو. تەنها لە نێو ئێستایەکی بێ ناوەڕۆکدا دەخولێنەوە، لە نێو جەنگ و خوێندا گینگڵ دەدەن. ئەوەی عەلی پێی دەگات، تاکە شوێنێک بەشێک لە مرۆڤبوونی خۆی پاراستبێت ماڵەکەی دایکی سەبیحە، کە ژمارەیەک ئافرەت کاری لەشفرۆشی تێدا ئەنجام دەدەن، ئەوەش لە بەرامبەر پێدانی سەرانەی ماددی، یان سێکسی بە گرووپە جیهادییەکان لە پێناو چاوپۆشیکردن لە کارەکەیان.

لە کاتی خوێندنەوەی ئەم بەرهەمە خوێنەر هەست دەکات زۆربەی کارەکتەرەکان ڕاستەقینە نین و بەرهەمی خەیاڵی پاڵەوانی ڕۆمانەکەن، کە هەرکاتێک بیەوێت دەیانهێنێتە سەر شانۆی ڕووداوەکان و دەیاندوێنێت و لەگەڵیان دەژی. لێرەدا نەک هەر ئەوان، بەڵکو مردووەکانیش بە شێوەی جیاواز جیاواز دێنەوە و لەم جیهانەی بەجێیانهێشتووە ڕازی خۆیان دەدرکێنن. ئەم ڕۆمانە سەرەڕای ئەو ئازارە زۆرەی لەگەڵ خۆیدا هەڵیگرتووە، بەڵام لە بری ئەو وێرانەشارە یۆتۆپیایەکی بنیاد ناوە؛ یۆتۆپیایەک لە نێوان ئاسمان و زەویدا، فریشتەکان لە ئاسمانیدا تەراتێن دەکەن و داناکان نموونەکانیانی تێدا بڵاو دەکەنەوە و لە ناخی وێرانەکانیدا لاپەڕەکانی مێژوو بەرجەستە دەبێت. مێژوویەک، کە ناگەڕێتەوە .

(محەمەد حەییاوی) نووسەر و نیگارکێشێکی عێراقییە و لەدایکبووی شاری ناسریەیە ساڵی ١٩٩٢ عێراقی جێهێشتووە و ئێستا نیشتەجێی وڵاتی هۆڵەندایە و لە بواری گرافیک هەڵگری بڕوانامەی ماجستێرە، لە پەیمانگای گرافیک لیزیۆم لە ئەمستردام وانەی گرافیک دەڵێتەوە. خاوەنی چەند بەرهەمێکە لەوانە

1.      ثغور الماء – ڕۆمان، ١٩٨٣

2.      غرفة مضاءة لفاطمة – کۆمەڵە چیرۆک، ١٩٨٦

3.      طواف متصل – ڕۆمان، ١٩٨٨

4.      نصوص المرقاة – کۆمەڵە چیرۆک، ١٩٩٦

       5.    Dank je wel Olifant - کۆمەڵە چیرۆکێک بە زمانی هۆڵەندی، ٢٠١٠

6.      خان الشابندر -  ڕۆمان، ٢٠١٥

7.      بیت السودان – ڕۆمان، ٢٠١٧

ئەم ڕۆمانە یەکەمین بەرهەمی ئەم نووسەرەیە وەربگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی. ڕەنجدەر جەبار کاری وەرگێڕانی بۆ کردووە و ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند لە ڕۆژانی داهاتوودا چاپ و بڵاوی دەکاتەوە .



ڕیکلام