هەڵبژاردن، هەمیشە وەک پرۆسەیەکی دیموکراسیی بنەڕەتی بۆ دیاریکردنی ئایندە و نوێنەرانی ڕاستەقینەی گەل تەماشا کراوە.
لەم ساتە چارەنووسسازەدا، کە دەنگدەران دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، پرسیارێکی بنچینەیی دێتە پێشەوە: ئایا ئێمە بە دوای پەرلەمانتارێکدا دەگەڕێین کە تەنها کورسییەک لەناو هۆڵی پەرلەماندا پڕ بکاتەوە، یان نوێنەرێک کە ڕۆح و داواکارییەکانی خەڵک بباتە ئەوێ؟
پەرلەمانی عێراق کە ناوە ڕاستەقینەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە,پێویستی بەپەرلەمانتار نیە پێویستی بە نوێنەرە ! پێویستی بەو کەسانەیە کە بتوانن نوێنەرایەتی ڕاستەقینە بکەن. لە ئەزموونی چوار ساڵی ڕابردووم لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ڕوونی بۆم دەرکەوتووە کە خەڵک پێویستی بە "نوێنەر"ێکە، نەک تەنها کەسێک کە تەنها کاری بەرزکردنەوەی دەست بێت لەناو پەرلەماندا.
خەڵک پێویستی بە کەسێکە کە لەپاڵ داڕشتنی یاسا و چاودێریکردن لەسەر جێبەجێکردنی و داکۆکیکردن لە مافەکانیان، هاوکار و پشتیوانیشیان بێت. نوێنەرایەتی کردن تەنها لەناو دیوارەکانی پەرلەماندا کۆتایی نایەت؛ بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ ناو کۆڵان و گەڕەکەکان، بۆ ناو ناخی پێویستییەکانی هاوڵاتیان.
گرنگە نوێنەر ئەو کەسە بێت کە بتوانێت لە بەغداوە نوێنەرایەتی سلێمانی بکات، و لە سلێمانییەوە دەنگی کەرکوک و هەموو شارەکانی تر بگەیەنێت. پێویستە نوێنەرێک هەڵبژێرین کە لە هەموو شوێنێک بە دەنگی خەڵکەوە بێت و کاری بۆ بکات
نوێنەرایەتی ڕاستەقینە، بریتییە لە هەستکردن بە ئازارەکانی هاوڵاتیان، تێگەیشتن لە خواستەکانیان، و کارکردن بەوپەڕی تواناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان. ئێمە پێویستمان بە کەسێکە کە بتوانێت پردێک بێت لە نێوان خەڵک و بڕیارەکاندا، کە بتوانێت داواکارییە ڕەواکانیان بکاتە واقیعێکی بەرجەستە.
با ئەمجارە، دەنگ بەو کەسە بدەین کە مانا و ڕۆحی نوێنەرایەتی دەزانێت، کەسێک کە ئەزموونی کرداریی هەیە و بەڵگەی سەلماندووە کە لە هەر کات و شوێنێک بێت، خزمەتکار و پشتیوانی خەڵکە. با هەڵبژاردنەکەمان بەرەو نوێنەرێکی ڕاستەقینە بێت، نەک تەنها پەرلەمانتارێک.