لەسەر داوای گرووپی چالاکوانە گەنجەکانی چەمچەماڵ بودجەی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بیرەکانی ئاوی قەزاکە و ناحیەکانی دابین دەکرێت

  1     کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ سێشەممە، نوێنەرانی گرووپی چالاکوانە گەنجەکانی چەمچەماڵ کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ عەتا محەمەد، بەرپرسی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران و شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانی ئەنجام دا. ئامانجی کۆبوونەوەکە بەدواداچوون بوو بۆ داواکارییە خزمەتگوزارییە رەواکانی دانیشتووانی قەزاکە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە؛ لە کۆبوونەوەکەدا، چەندین کێشەی گرنگ و کەڵەکەبووی قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری خرانەڕوو، کە دیارترینیان ئەمانە بوون:
کێشەی کەمئاوی؛ خستنەڕووی ئاستەنگەکانی دابەشکردنی ئاو و نەبوونی بڕی پێویستی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتیان.
کەرتی تەندروستی؛ ئاماژەدان بە کەمی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکاندا.
ڕەخساندنی هەلی کار؛ خستنەڕووی پرسی بێکاری و داواکاری بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجانی ناوچەکە.
چاکسازیی کارگێڕی؛ جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی گۆڕینی بەڕێوەبەری چەند فەرمانگەیەک لە پێناو باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان.

لەبەرامبەر خستنەڕووی ئەم داواکارییانەدا، نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران بەڵێن و بڕیاری فەرمی لەسەر جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە دا؛
خەرجکردنی بودجەی دارایی؛ دابینکردنی بڕی 48 ملیۆن دینار بە مەبەستی چاککردنەوەی غەتاسی بیرەکانی هەرسێ ناوچەی (چەمچەماڵ، تەکیە، و شۆڕش).
زیادکردنی بەشەئاو؛ رەزامەندی لەسەر بەرزکردنەوەی بڕی ئاوی تەرخانکراو بۆ قەزای چەمچەماڵ درا بۆ ئاستی 30 هەزار تاوەکو 35 هەزار مەتر سێجا.
بەردەوامیدان بە بەدواداچوونەکان
لە کۆتاییدا، گرووپی چالاکوانە گەنجەکانی چەمچەماڵ رایانگەیاندووە کە ئەوان وەک ئەرکێکی سەرشانیان، بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون و چاودێریکردنی مەیدانی بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە تا ئەو کاتەی بە تەواوی دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.



ڕیکلام