دیپلۆماسییەتی کلتوری و گرنگی بۆ کورد

  21/12/2025  |    239 جار خوێندراوەتەوە
دیپلۆماسییەتی کلتوری یەکێکە لە ڕەگەزە گرنگەکانی پرۆسەی دیپلۆماسی لەسەر ئاستی مرۆڤایەتی، هێزێکی نەرمە کە تاکەکانی کۆمەڵگە خاوەنداریتی لێدەکەن و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاڕاستەی سیاسی هەیە، بۆیە ئەگەر ئەو هێزە نەرمە جارێک بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گرنگ بێت، ئەوا چەندین جار بۆ کۆمەڵگەی کوردی و کۆمەڵگە ژێر دەستەکان گرنگترە.

لەئێستادا هەمووان کەم تا زۆر ئاگاداری ڕووداوەکانین، هەم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە پێویستە لێکەوتەکانی ئەو ڕووداوانە بەهەند وەربگیرێن و کۆی کۆمەڵگە لە سیاسییەکی باڵاوە تاوەکو دەگاتە هاوڵاتییەکی ئاسایی سەرشەقام مامەڵەی دروست و پێویستی بۆ ئەو لێکەوتانە هەبێت و خۆی بەخاوەنی بزانێت، چونکە دواجار ئەوە ئێمەین کە هەرکەس بەگوێرەی خۆی بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەرشان.

دیپلۆماسی کولتووری لە کورتییەکیدا واتا ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و هونەر و زمان و نەریت لە نێوان گەلان، بۆ بنیاتنانی لێکتێگەیشتن و دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەو لە پێناو پێشخستنی ئامانجە سیاسییەکان، واتە بەکارهێنانی پەیوەندیی خەڵکە بە خەڵکەوە، پەیوەندی تاکەکان و کۆمەڵە و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و پاڵپشتی حکومەتەکان، بۆ نمونە ئاڵوگۆڕی کلتوری لەنێوان کورد و نەتەوەکانی دیکەدا، جا ئیتر کورد وەک نەتەوە خاوەنی چ کلتورێکە پێویستە باشتر بە دونیای دەرەوەی خۆی بناسێنێت.

چونکە دیپلۆماسیەتی کلتوری دەتوانێت پاڵپشتێکی تەواو جدی بێت لە گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و ئابوریدا و دەتوانێت تەواو ڕۆڵێکی گرنگ و جدی هەبێت بۆ پاڵپشتی لە دیپلۆماسی سیاسی، لەو چوارچیوەیەشدا لایەنە سەرەکییەکانی وەک حکومەت، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە (کورد وەزارەتی دەرەوەی نییە و ئەو فەرمانگەیە جۆرێک لەو ڕۆڵە دەبینێت)، دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکان و ناوەندە ئەکادیمییەکان یاخود بڵێین زانکۆکان، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و پاشان گروپ و تاکەکان دەتوانن بەو ڕۆڵە گرنگە هەڵبستن.

لێردا پێویستە بوترێت، بەداخەوە کۆمەڵگەی کوردی لە دۆخێکی باشی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریدا نیە، لە دۆخێکی گرنگیدان بە پرسە جدییەکاندا نییە و ئەوەی دەگوزەرێت ڕاگوزەرە و هیچ سودێکی بۆ داهاتووی نییە، کەمینەیەکی پەراویزخراوی خەمخۆری جدی بوونی هەیە کە زۆر جاران نەک ئەوەی پاڵپشتییان ناکرێت، بەڵکو لەمپەر لەبەردەم هەنگاوە کانیان دروست دەکرێت، ئەمەش تەنها بۆ ئەوە دەڵێم کە چیتر پێویستە لە پێناو ئایندەی گەشی گەلەکەماندا پاڵپشتی لە هەنگاوە جدییەکان بکرێت و پرسی دیپلۆماسییەتی کلتوریش بەهەند وەربگیرێت، چونکە دواجار کۆمەڵگەی کوردی یەکێکە لەو کۆمەڵگایانەی خاوەنی کلتورێکی دەوڵەمەندە و دەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت، من لە کورتیدا باسم کرد.

دەمەوێت ئەوەش بڵێم، ڕێکخراوی نێردە بۆ دیپلۆماسی و پەیوەندییەگشتییەکان، لەئێستادا کاری جدی و بەرنامەی تایبەتی هەیە بەو پرسە و هیوادارە هەمووان پێکەوە کاری لەسەر بکەن.
زیاتر